لە ئەنجامی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر سورداش سێ پێشمەرگە بریندار بوون

:: PM:08:08:14/04/2026 ‌
ئەمڕۆ سێشەم 14ی نیسانی 2026، لە ڕاگەیەنراوێکی فەرمیی سکرتارییەتی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کە دەست "وشە" کەوتووە، بڵاو کراوەتەوە کە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشی کردووەتە سەر یەکێک لە ئۆردوگاکانی کۆمەڵە لە سوورداش.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە کە لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا، بەداخەوە سێ پێشمەرگە بریندار بوون، کە باری تەندروستیی یەکێک لەوان ناجێگیرە. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە ئەم جۆرە هێرش و پەلامارانە، چ لە ئێستە و چ لە پێشوودا، نیشانەی "ترس و وەحشەتی کۆماری ئیسلامییە" بەرانبەر بە ئیرادەی بەهێز و ویستی نەگۆڕی خەڵکی کوردستان.

لە کۆتاییدا کۆمەڵە دووپاتی کردەوە کە ئەم جۆرە کردارانە هەرگیز ناتوانن لە عەزمی تێکۆشان و داواکارییە ڕەواکانی خەڵکی کورد کەم بکەنەوە، بەڵکو زیاتر دەبنە هۆکاری بەهێزبوون، یەکگرتوویی و بەردەوامی لە تێکۆشاندا.





وشە - پۆڵا مەحموود