وەزارەتی ناوخۆ چەند بڕیارێکی بۆ لێخۆشبوون لە سزای کەسانی بیانی دەرکرد

:: PM:11:01:14/04/2026 ‌
ئەمڕۆ سێشەم 14ی نیسانی 2026، لە ڕاگەیەنراوێکی فەرمیدا کە دەست "وشە" کەوتووە، وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی هاوکاریکردن و کارئاسانی بۆ ئەو بیانییانەی بەهۆی بارودۆخی شەڕەوە نەیانتوانیوە گەشت بکەن یان نشینگەکانیان نوێ بکەنەوە، بڕیاری دا بە لێخۆشبوون لە سزای دارایی.

بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، بۆ ئەو کەسانەی نشینگەیان بەسەرچووە و لە دەرەوەی هەرێمن، ئەگەر لە دوای 28ی شوباتی 2026 نشینگەکەیان بەسەرچووە، دەتوانن تا 30ی نیسانی 2026 بە هەمان کارت بگەڕێنەوە هەرێم و بێ سزا نشینگەکەیان نوێ بکەنەوە، بەڵام دوای ئەم ڕێکەوتە پێویستیان بە ڤیزای نوێ دەبێت.

سەبارەت بەو کەسانەشی دەیانەوێت گەشتی دەرەوە بکەن، ئەو بیانییانەی نشینگە یان پاسپۆرتەکەیان بەسەرچووە و نەیانتوانیوە گەشت بکەن، تا 30ی نیسانی 2026 دەتوانن بەبێ پێدانی سزای دارایی مۆری دەرچوون وەربگرن و گەشت بکەن. هەروەها ئەو کەسانەی کە بەڵگەیان هەیە کە مامەڵەی پاسپۆرتیان بەهۆی شەڕەوە دواکەوتووە، لە سزا دەبەخشرێن.

دەربارەی ئەو گەشتیارانەی خاوەن ڤیزان، ئەوانەی لە دوای 28ی شوباتی 2026 ڤیزاکەیان بەسەرچووە، دەتوانن تا 30ی نیسانی 2026 بەبێ سزا لە فڕۆکەخانە و دەروازەکانەوە بچنە دەرەوە. ئەوانەشی دەیانەوێت ڤیزاکەیان بگۆڕن بۆ نشینگە، بەبێ سزا و بەپێی ڕێنوێنییەکان مامەڵەیان بۆ دەکرێت.

لە کۆتاییدا وەزارەتی ناوخۆ دووپاتی کردووەتەوە کە ئەم بڕیارانە تەنیا تا کۆتایی مانگی نیسانی 2026 کاری پێ دەکرێت، بۆیە پێویستە لە کاتی دیاریکراودا سەردانی بەڕێوەبەرایەتییە پێوەندیدارەکان بکرێت بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکان.


وشە - پۆڵا مەحموود