بەهۆی بڕیارێكی عێراق گفتوگۆی نێوان وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق و كوردستان بە بنبەست گەیشت و نوێنەرێكی وەزارەتی كشتوكاڵ رای دەگەیەنێت، بڕیارەكەی عێراق هیچ یەكسانییەكی تێدا نییە بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران.
ئەمڕۆ چوارشەم 15ـی ئادار، رزگار حەمە خدر ڕاوێژكاری وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، بۆ ئەمساڵ عێراق بڕی سێ ملیۆن و 800 هەزار تۆن وەردەگیرێت بە بڕی 700 هەزار دینار، هەروەها بڕی 292 هەزار تۆنی بۆ جووتیارانی كوردستان دیاری كردووە كە ئەم بڕە هیچ بنەمایەكی زانستی و رێژەی دانیشتووانی نییە.
زیاتر گوتی، ئەو بڕیارەی عێراق بۆیە بەپێی یاساش بێت، ئێمە هەقی 400 هەزارمان هەیە، بۆیە ناڕەزایەتیی خۆمان پێدان و داوامان كردووە پێداچوونەوە بكرێت، بەڵام ئەوان رەزامەندی نەبوون، بۆیە دانوستانمان لەگەڵ عێراق جێهێشتووە.
باسی لەوەش كرد، ئێستە ئەو نیگەرانییەمان هەیە و بەمنزیكانە نووسراوێك ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و سەرۆك كۆماری عێراق و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكەین.
روونی كردەوە، ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان رووبەری سێ ملیۆن و 300 هەزار دۆنم داچێنراوە، سەرووی دوو ملیۆن تۆنمان گەنم دەبێت، بۆیە ئەوەی ئەوان دەڵێن هیچ بنەمایەكی یاسای نییە و ناكرێت بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ جووتیارانی كوردستان بكرێت.