نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی فڕەنسا دۆخی ناوچەکە و پڕۆسەی سیاسییان تاوتوێ کرد

:: PM:07:54:15/04/2026 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم 15ی نیسانی 2026، لە ڕاگەیەنراوێکی فەرمیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا کە دەست "وشە" کەوتووە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە پاتریک دۆرێل باڵیۆزی فڕەنسا لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا، هەردوولا دەربارەی دوایین پێشهاتەکانی دۆخی ناوچەکە و لێکەوتەکانی شەڕ لەسەر ئاسایش و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بیروڕایان گۆڕییەوە، هەروەها هیوایان خواست ئاگربەست بەردەوام بێت و ڕێگە بۆ کۆتاییهاتنی شەڕ و بەدیهاتنی ئاشتی خۆش بکات.

لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی ستایشی هەوڵەکانی فڕەنسا و ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی ئەو وڵاتەی کرد کە هەمیشە لەپێناو ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕۆڵیان گێڕاوە و پشتگیرییان لە عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە.

لە بەشێکی تری دیدارەکەدا کە یان برێم کونسوڵی گشتیی فڕەنسا لە هەرێمی کوردستانیش ئامادەی بوو، پڕۆسەی سیاسی لە عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا، و تێیدا دووپات لە گرنگیی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی لایەنەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کرایەوە‌.


وشە - پۆڵا مەحموود