سەعدی پیرە رای دەگەیەنێت، ئەوانەی درۆن بە هەولێرەوە دەنێن لەو شارە نیشتەجێن. بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستانیش لە وەڵامدا دەڵێت، ئەو كەسانەی باسی هەولێر دەكەن، بوێرییان هەیە و پێویستیان بە روخسەتی ئاغاكانیان نییە، با ئەو ناوانە ئاشكرا بكەن.
ئەمڕۆ پێنجشەم 16ـی نیسان، زانا مەلا خالید بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئێمە شۆك نابین، كاتێك لەلایەن سەركردەكانی یەكێتی تەشهیر بە هەولێر دەكرێت، چونكە لای ئەوان قسەگوتن بە هەولێر باشترە لەوەی دڵی ئەوانە بڕەنجێنن كە درۆن بە هەولێرەوە دەنێن.
زیاتر گوتی، ئەگەر ئەو بەرپرسەی یەكێتی ڕاست دەكات و بوێریی هەیە و پێویستی بە روخسەتی ئاغاكانی نییە، با ئەو ناوانە ئاشكرا بكات كە لە هەولێرن و درۆن بە هەولێرەوە دەنێن.
باسی لەوەش كرد، چونكە ئەوە بابەتێكی تەناهییە و بەهۆی ئەو هێرشە درۆنی و مووشەكییانە دەیان شەهید و قوربانیمان داوە لەو شارە، ناكرێت بۆ شاردنەوەی خیانەتێكی تر بەرانبەر بە كەركووكی دڵی كوردستان، بابەتەكان بشێوێنن.