سەعات شەشی ئێوارەی رۆژی 16ی نیسان.. هەوری رەشی فرۆشتنی كەركووك شارەكە دادەپۆشێ‌

:: PM:04:20:16/04/2026 ‌
سەعات شەشی ئێوارەی ئەمڕۆ، كەركووك هەوری رەشی فرۆشتن و خیانەت دایدەپۆشێت و كورد گەورەترین پۆستی ئیداری لە شارەكە لە دەست دەدات. ئەو هەورە رەشە بەهۆی مامەڵەیەكی سەرانی یەكێتییەوە دەبێت كە پێشتر ڕێككەوتنی ژێربەژێریان لەسەر كردووە. 

خەڵكی كەركووك دوو ڕۆژە دەڵێن "نا" ئەو فرۆشتنە بە كەركووكەوە رابگرن، بەڵام یەكێتی وەك شانازی و دەستكەوت دەیبینێ‌ و بەردەوامە لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە بۆ بەرەی توركمانی. 

كەركووك كە بەردەوام قوربانی دەستی سەرانی یەكێتییە، لە 2017 وە تا فرۆشتنی ئەمجارەیشی هەر بە دوودڵی هێناویەتی. ئەمڕۆیش جارێكی تر شارەكە بە هەوری رەشی خیانەت دادەپۆشرێ‌. 

سەعات شەشی ئێوارەی ئەمڕۆ 16ی نیسانی 2026، رێبوار تەها پارێزگاری كەركووك لە پۆستەكەی لادەبرێت و بە ڕێككەوتنێكی ژێربەژێری حزبەكەی خۆی، پۆستەكە لە كوردەوە دەگۆڕێت بۆ كەسێكی ئەندامی بەرەی توركمانی. 

حەسەن مەجید سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بۆ "وشە" دووپاتی لەوە كردەوە، ئەوان بە فەرمی داوایان لێ‌ كراوە بەشداریی ئەو كۆبوونەوەیە بكەن و نووسراوی ئەنجوومەنی پارێزگایان پێ‌ گەیشتووە، بەڵام بەشداریی ناكەن و بەشێك نابن لەو ڕێككەوتنەی لە ژوورە تاریكەكان لەسەر كەركووك كراوە. 

خەڵكی كەركووك ئومێدی ئەوەیان هەبوو دۆخەكە بەرەو باشتر هەنگاو بنێت، لەبری لەدەستدانی پۆست، یەكێتی 122 پۆستی تری تەناهی و ئیداری وەربگرێتەوە، بەڵام شارەكەی هێنایەوە خاڵی سفر. 




وشە - وشه‌