نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری سووریا کۆ بووەوە

:: AM:09:23:17/04/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی 17ی نیسانی 2026، لە ڕاگەیەنراوێکی فەرمیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا کە دەست "وشە" کەوتووە، بڵاو کراوەتەوە کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە میانی کارنامەکەیدا لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئانتالیا، لەگەڵ تۆم باراک نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا کۆ بووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوو لا پێوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمەریکا، دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سووریا و ڕەوشی کوردیان لەو وڵاتەدا تاوتوێ کرد، هەروەها دەربارەی پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لێکەوتەکانی شەڕ لەسەر ئاسایشی ناوچەکە بیروڕایان گۆڕییەوە.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، نێچیرڤان بارزانی و نێردەی تایبەتی ترەمپ، تیشکیان خستە سەر کاریگەریی شەڕ لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها دووپاتییان لە گرنگیی هاوئاهەنگی و کارکردنی بەردەوام کردەوە بۆ چەسپاندنی ئاشتی و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا. هاوکات چەند بابەتێکی تری جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێکی تری گفتوگۆکانیان بوو.


وشە - پۆڵا مەحموود