ئەمڕۆ هەینی 17ی نیسانی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ 48 سەعاتی داهاتوو بڵاو کردەوە. بەپێی پێشبینییەکان، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، پاشان دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور. خێرایی با لەسەرخۆ دەبێت لە نێوان پێنج بۆ 15 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا و ئاراستەی با گۆڕاو دەبێت.
هەروەها مەودای بینین لە نێوان هەشت بۆ 10 کیلۆمەتر دەبێت. پلەکانی گەرما نزیکەی یەک تا سێ پلە بەرزتر دەبن بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ بەم شێوەیەیە: هەولێر 24، پیرمام 22، سۆران 23، حاجی ئۆمەران 16، سلێمانی 24، چەمچەماڵ 25، دهۆک 24، زاخۆ 25، هەڵەبجە 25 و گەرمیان 27 پلەی سیلیزی.
سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی شەموو 18ی نیسانی 2026، ئاسمان بەگشتی هەوری تەواو دەبێت. لە سەعاتەکانی بەیانیدا بارانبارین بە لاوازی لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای هەرێم دەست پێ دەکات، پاشان بۆ دوای نیوەڕۆ و ئێوارە بارانی مامناوەند لە زۆربەی شوێنەکان دەبارێت کە هەندێک بارانبارین بەشێوەی لێزمە و هەورەترشقە دەبێت. هاوکات پێشبینیی تاوەبارانی بەهاری، گەواڵەباران و تەرزە لە زۆر ناوچە دەکرێت.
خێرایی با سبەی لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت (10 بۆ 20 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا)، لە ئێوارەدا کەمێک چالاک دەبێت بۆ سەرووی 30 کیلۆمەتر. مەودای بینین لە نێوان هەشت بۆ نۆ کیلۆمەتر دەبێت، بەڵام لە کاتی بارانباریندا کەمدەبێتەوە بۆ پێنج تا شەش کیلۆمەتر. پلەکانی گەرما لە کاتەکانی پێش نیوەڕۆ نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ، بەڵام لە دوای نیوەڕۆ بە بڕی دوو تا چوار پلە نزم دەبنەوە. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی: هەولێر 22، پیرمام 19، سۆران 21، حاجی ئۆمەران 15، سلێمانی 24، چەمچەماڵ 25، دهۆک 20، زاخۆ 21، هەڵەبجە 25 و گەرمیان 26 پلەی سیلیزی.