لەم هەفتەیە 200 ملیم باران دەبارێت

:: AM:09:59:18/04/2026 ‌
بەهۆی كاریگەریی بارستە هەوایەكی شێدار، لە ئەمڕۆوە تا كۆتایی هەفتە لە هەرێمی كوردستان 200 ملیم باران دەبارێت.

ئەمڕۆ شەموو 18ـی نیسان، شاڵاو هیدایەت شارەزای كەشناسی، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە ئەمڕۆوە شەپۆلێكی بەهێزی باران و هەورەبروسكە سەرجەم ناوچەكان دەگرێتەوە.

زیاتر گوتی، سەرەتای شەپۆلەكە لە كاتەكانی بەیانی بەولاوە لە ناوچەكانی باكوری رۆژئاوای عێراق دەست پێ دەكات، لە كاتەكانی نێوان نیوەڕۆ بۆ دوای نیوەڕۆ تا عەسر، دێتە ناو بەشێكی ناوچەكانی هەرێم دەبێت، بەتایبەت بادینان و سنووری هەولێر و ئیدارەی سۆران و ڕاپەڕین و كۆیە.

دەشڵێت، شەپۆلەكە بەگشتی تا كاتە جیاوازەكانی ڕۆژی دووشەم بەردەوامە، بۆ سێشەمیش بەهۆی پاشماوەی شەپۆل و دروستبوونی هەوری ناوخۆیی، تاوەباران و هەورەبروسكەی لابەلا دەمێنێت.

ئاماژە بەوەش كرد، شەپۆلەكە بەگشتی بارانی زۆرباشی پێوەیە بۆ هەموو ناوچەكان، لە هەندێك شوێن بەپێی سەنتەری ئەوروپی، نزیكەی 200 ملیم باران دەبارێت لە زۆربەی ناوچەكە، بڕی بارانەكەش سەرووی 50 بۆ سەرووی 100 ملیمە.

روونی دەكاتەوە، پلەكانی گەرما لەم هەفتەیە خوار ئاستی ئاسایی خۆیان دەبن و بەڕێژەی چوار تا شەش پلە دادەبەزن لە ماوەی ئەو دابارینەی چەند ڕۆژی داهاتوودا.



وشە - رامیار جەواد