بۆ یەكەمجار لە مێژووی خانەقیندا سێ ژنە پارێزەر و یاساناس، توانییان پلەی دادوەر بەدەست بهێنن.
ئەو سێ ژنە توانیان بە سەركەوتوویی خولی 52ـی پەیمانگەی دادوەریی لە بەغدا تەواو بكەن، لەلایەن سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقەوە، فەرمانی دەستبەكاربوونیان بۆ دەرچوو.
دادوەرە نوێیەكان بریتین لە پارێزەران: "نەسرین سەعدوون عەلی میرزا، سازان ساڵح ڕەشید و شیرین حوسێن". ئەوان دوای سوێندخواردنی یاسایی، لە چوارچێوەی دادگاكانی سەربە سەرۆكایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی دیالە دەستبەكار دەبن، كە خانەقین لە ڕووی كارگێڕیی دادوەرییەوە سەر بەو پارێزگایەیە.
چالاكانی مافی ژنان و ڕێكخراوە مەدەنییەكانی خانەقین، ئەم ڕووداوە بە وەرچەرخانێكی گرنگ لە مێژووی دادوەریی ناوچەكە و نیشانەیەك بۆ لێهاتوویی ژنانی كورد لە بەدەستهێنانی باڵاترین پلە و پۆستە یاساییەكان دەبینن.