نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزیری بەرگریی توركیا كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكەدا دووپات لە گرنگیی بەردەوامیی ئاگربەست و بەدیهاتنی ئاشتی و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردەوە.
ئەمڕۆ شەموو 18ـی نیسان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە درێژەی دیدار و كۆبوونەوەكانیدا لە كۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا، لەگەڵ یاشار گولەر وەزیری بەرگریی توركیا كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا دوا پێشهاتەكانی دۆخی ناوچەكە بەگشتی و كاریگەری و لێكەوتەكانی تاوتوێ كران. هەردوولا دووپاتیان لە گرنگیی بەردەوامیی ئاگربەست و بەدیهاتنی ئاشتی و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردەوە.
وەزیری بەرگریی توركیا، هەڵوێستی هەرێمی كوردستانی بەرز نرخاند كە نەبووە بەشێك لە شەڕ و ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە، هەروەها داكۆكیی لە هاوئاهەنگیی هەمەلایەنە بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری كردەوە. هەر لەمبارەیەوه ستایشی ڕۆڵی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی كرد.
لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە فاكتەری ئارامی و سەقامگیری دەبێت، خوازیاری پەرەپێدانی زیاتری پێوەندییە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش.
پێوەندییەكانی توركیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و هاریكاریی هاوبەشی نێوانیان، تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە بوو.