لە ئەمڕۆوە عومرە كۆتایی هات و حەج دەستی پێ‌ دەكات

:: PM:01:16:18/04/2026 ‌
بەپێی بڕیاری وڵاتی سعوودیە لە ئەمڕۆوە فەریزەی عومرە كۆتایی دێت، لە هەمان كاتدا فەریزەی حەج دەست پێ‌ دەكات و هەركەسێك ڤیزەی وەرگرتبێت، دەتوانێ دەست بە حەجی خۆی بكات.

ئەمڕۆ شەموو 18ـی نیسان، حاجی كاروان حاجی مستەفا خاوەن كۆمپانیای حەج و عومرە، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە ئەمڕۆوە عومرە كۆتایی دێت و فەریزەی حەج دەست پێ‌ دەكات.

زیاتر گوتی، ئەو هاووڵاتییانەی ڤیزەی حەجیان وەرگرتووە، دەتوانن دەست بە حەج بكەن، ئەوەیش بەپێی رێكخستنی هەر وڵاتێك دێت كە دەیكات.

كاروان ستوونی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئێستە ڤیزەی هەموو حاجیانی كوردستان گەڕاوەتەوە و هەر كاتێك وەرزی حەج  دەست پێ بكات هیچ كێشەیەكیان نابێت.

زیاتر گوتی، ئەمڕۆ ڤیزەی حەج چالاك دەبێت، لەم كاتەوە وەرزی حەج بۆ هەموو وڵاتانی دنیا دەست پێ دەكات.

ئەوە لە كاتێكدایە هەرێمی كوردستان ئەمساڵ پێنج هەزار و 120 حاجی هەیە و لە رێگەی وشكانی گەشت دەكەن، ئەوەیش بەهۆی مەترسی و ئەگەری دەستپێكردنەوەی شەڕ، پێشبینیش دەكرێت لە حەوتی ئایار یەكەم گەشت دەست پێ‌ بكات.



وشە - رامیار جەواد