تولای حاتیمۆغولاری و مستەفا هیجری، لە شاری بەرشەلۆنەی ئیسپانیا كۆبوونەوە، لە میانی دیدارەكەدا ئاڵوگۆڕی زانیاری لەبارەی پێشهاتەكانی ئەمدواییەی ئێران و توركیا كرا، ئەوەی سەیرە ئەو دوو سەركردە كوردە بۆ تێگەیشتن لە یەكتر وەرگێڕیان هەیە.
ڤیدیۆی كۆبوونەوەی تولای حاتیمۆغولاری هاوسەرۆكی دەم پارتی، لەگەڵ مستەفا هیجری سكرتێری گشتیی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، لە شاری بەرشەلۆنەی ئیسپانیا بڵاو كرایەوە و وەك گوترا لە میانی دیدارەكەدا، ئاڵوگۆڕی زانیاری لەبارەی پێشهاتەكانی ئەمدواییەی ئێران و توركیا كراوە.
ئەوەی جێی سەرنجە ئەو دوو سەركردە كوردە كاتێك گفتوگۆ دەكەن، وەرگێڕ لە نێوانیاندایە، ئەوەش دەریدەخات لە یەكتر تێناگەن.
بەپێی زانیارییەكان، بەشی زۆری سەركردەكانی دەم پارتی كوردی نازانن، زمانی كوردیشیان بۆ گرنگ نەبووە، بۆیە زۆربەی كات كە لە توركیا دەردەكەون، بەتوركی قسە دەكەن و كەمترینیان بەكوردی قسە دەكەن.
لەمبارەیەوە محەمەد ئۆجەلان برای عەبدوڵا ئۆجەلان، پێشتر لە چەندان بۆنەدا بەتوندی رەخنەی لە بەرپرسانی پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان (دەم پارتی (DEM گرتووە كە زمان و كاری سیاسییان هیچی بە كوردی نییە و دەڵێ: بە كوردی قسەكردنی ئەوان تەنیا بە "سێ وشە"یە، ئەویش "مەرحەبا، سەرسەران، سەرچاڤان". پاشان دەست بەقسەكردن بەتوركی دەكەن و بەبڕوای محەمەد، زمانی كوردییان قەدەغە كردووە.
هەروەها دەڵێ، ئەو راستەوخۆ رەخنەی لە بەڕێوەبەرانی دەم پارتی گرتووە و پێی گوتوون، "ئێوە ئێمەتان نەكردە كورد، ئێوە ئێمەتان كردە تورك".
هەروەها محەمەد ئۆجەلان لە تووڕەبوونێكی زۆر لە پشتگوێخستنی قسە و كاركردن بە كوردی لەلایەن دەم پارتییەوە دەڵێ، "خەمی ئەوان كوردستان نییە، ئەگەر خەمی ئەوان كوردستان بووایە بە كوردی قسەیان دەكرد".