هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران: گفتوگۆ لەگەڵ تاران تیرۆر بەهێز دەكات

:: PM:03:51:18/04/2026 ‌
هاوپەیمانی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران بەیاننامەیەكیان بڵاو كردەوە و رای دەگەیەنن، كۆماری ئیسلامیی ئێران جگە لە بنكە و بارەگای حزبە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەكانیان دەكاتە ئامانج و 11 شەهید هەیە.

ئەمڕۆ شەموو 18ـی نیسان، لە راگەیەندراوێكی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران هاتووە، كۆماری ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی پەردەپۆشكردنی شكستە سیاسی و نیزامی و ستراتیژییە ئایدۆلۆژییەكانی لە ماوەی شەڕی 39 ڕۆژە‌ی لەگەڵ ئەمەریكا و ئیسرائیلدا، بە بەردەوامی هێرشی كردووەتە سەر بنكە و بارەگاكانی حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و كەمپی نیشتەجێبوونی بنەماڵەكانی خاوخێزانی كادر و پێشمەرگەكانیان لە هەرێمی كوردستان.

باس لەوەشكراوە، لە ماوەی ئاگربەسی ئێستەدا ئەو هێرشانە هەر درێژەیان هەیە، لە  نوێترینی ئەو هێرشانەشدا كە دوێنێ‌ بە مووشەك و دڕۆن كرایە سەر كەمپە مەدەنییەكان و بارەگاكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران؛ مخابن سێ پێشمەرگە و تێكۆشەری ڕێگای ئازادیی ئەم حزبە بە ناوەكانی شاهین ئازەربەرزین، نەدا میری و سەمیرا ئەڵڵایاری شەهید بوون و دوو پێشمەرگەیەكی دیكەش بریندارن.

روونكراوەتەوە، كۆماری ئیسلامیی ئێران جگە لە بنكە و بارەگای حزبە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەكانیان، بە بەردەوامی هێرشی كردووەتە سەر هەرێمی كوردستان كە بەداخەوە ئەو هێرشانەش 11 شەهید و قوربانیی لێ كەوتۆتەوە.



وشە - رامیار جەواد