دوای تەواوكردنی مامەڵەكانیان لە پڕۆژەی هەژماری من، ئێستە كارتی بانكی مامۆستایانی گرێبەست تەواو بووە و ڕۆژانە لە ڕێگەی ژمارە مۆبایلەكانیان ئاگادار دەكرێنەوە.
ئەمڕۆ یەكشەم 19ـی نیسان، رێبوار سەعدی نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە ماوەی پێشوودا مامۆستایانی گرێبەست مامەڵەی هەژماری منیان كردووە.
زیاتر گوتی، ئێستە بەشێك لە كارت بانكی (هەژماری من) ی مامۆستایانی گرێبەست تەواو بووە، لە ڕێگەی ژمارە مۆبایلی كەسی مامۆستاكەوە ڕۆژانە 100 مامۆستا ئاگادار دەكرێنەوە، بۆ ئەوەی بچنە كارتەكانیان وەربگرنەوە.
باسی لەوەش كرد، بەمەش مامۆستایانی گرێبەست دەبنە خاوەنی هەژماری تایبەت بە خۆیان، بڕیارە تەواوی مامۆستایانی گرێبەست مامەڵەكانیان تەواو بكرێت و نامەی تیمی هەژماری منیان بۆ بێتەوە.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كارئاسانی زیاتر بۆ مامۆستایان، لە ساڵی 2024 بڕیاری دا سەرجەم مامۆستایانی كرێی ڕۆژانە بكرێن بە گرێبەست، ئەمەیش هەنگاوێكە بۆ ئەوەی لە داهاتوو بكرێنە هەمیشەیی.