فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رای گەیاند، پارتی حزبی سەفەقات نییە و حزبێكی نەتەوەییە، بۆیە ململانێ لەسەر كاری نەتەوەیی دەكات و مەترسی لەسەر لە دەستكەوتەكانی كوردستان هەیە.
فازڵ میرانی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، پارتی بەو شتانە قەڵس نابێ كە پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ كێ بووە یان حزبێك چۆن بە سەفەقات كار دەكات، پارتی سیاسەت دەكات و پرسی نەتەوەیی و دەستكەوتەكانی كوردستانی لا گرنگە.
ئەو لە دیمانەیەكی لەگەڵ كەناڵی كوردستان24 گوتی، ئەوەی لە كەركووك روویدا هەڵەی هەموومان بوو كە نەمانتوانی بە یەك لیست بەشداری لە هەڵبژاردن بكەین، هەرچەندە دژی ئەوە نین كە پێكهاتەكانی تر پۆستیان پێ بدرێت، بەڵام دەبوو پارێزگاری كەركووك لای كورد بێت.
فازڵ میرانی سەرنجی خستە سەر ئەوانەی خاكفرۆشن و گوتی، پارتی خاككڕە و رێگڕە لە خاكفرۆشی و پارێزەری خاكین. لەبارەی بێدەنگی پارتی لەو كارانەی كە لایەنێكی تر دەیكات، ئەو گوتی، ئێمە ڕێزی خەڵك دەگرین، خەڵك دەنگی داوە بۆ ئەوەی پارتی ڕێبەرایەتی بكات.