لە ژێر چاودێریی وەزارەتی شارەوانی و سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، بەردی بناغەی فەرشكردنی شەقامەكانی رێگەی رەشكین دانرا.
ئەمڕۆ دووشەم 2026/4/20، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە گوژمەی 319 ملیۆن دینار كە پارەكە 15%ـی لە داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێرە، بەردی بناغەی پڕۆژەی فەرشكردنی چینی یەكەمی تێكەڵە و لێدانی كێربستۆن و فەرشی چینی دووەم بۆ شەقامەكانی قەرەبووی رەشكین، لە نێوان شەقامی تێرمیناڵی هەولێر و شەقامی كۆرنیش لە گەڕەكی گوڵان دانرا.
پێكهاتەی پڕۆژەكە بریتییە لە فەرشكردنی چینی یەكەم بە رووبەری 34 هەزار مەتردووجا، لێدانی كێربستۆن بە درێژی حەوت هەزار و 100 مەتردووجا، لەگەڵ فەرشكردنی چینی دووەم بە ڕووبەری 27 هەزار مەتردووجا و لە چوارچێوەی پلانی شارەوانیی هەولێرە بە مەبەستی ئاوەدانكردنەوەی گەڕەكە نوێكانی شاری هەولێر، گەیاندنی خزمەتگوزاریی زیاتر بەو شوێنانەی كە پێویستیان بە خزمەتگوزاری هەیە.