حەسیبە گەردی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، دووپات دەكاتەوە كە دۆسیەی دادگاییكردنی لاهوور شێخ جەنگی سەرۆكی بەرەی گەل، بە بڕیاری بافڵ و قوبادی برای هەڵدەسووڕێنرێت و خەریكە هیچ بەهایەك بۆ دادگاكانی سلێمانی ناهێڵنەوە.
ئەمڕۆ دووشەم 20ی نیسان، حەسیبە گەردی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی سەرۆكی بەرەی گەل كە چەند جارێك داوا كراوە رەوانەی هەولێر بكرێت، رێگریی لێ دەكرێت و جووتبرا رێگە نادەن دۆسیەكە بگوازرێتەوە بۆ هەولێر.
هەروەها گوتی، جووتبرا باش دەزانن كە هەموو دۆسیە یاساییەكان لە دادگاكانی هەولێر ڕێوشوێنی خۆیان وەردەگرن، بەڵام ئەوان لە سلێمانی بە ئارەزووی خۆیان ئاراستەكەی دەگۆڕن و ئەوەیش هۆكار بووە كە رێگریی لە گواستنەوەی دۆسیەكەیاندا بكرێت.
حەسیبە گەردی سەرسوڕمانی خۆی پێشان دا كە قوباد تاڵەبانی لە كاتێكدا بەرپرسیارێتیی حكوومیی هەیە، بەڵام یاساشكێنێ دەكات.
لێدوانی گەردی لە كاتێكدایە كە لە ڕۆژی 19ی نیسانەوە، هەریەك لە لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای لە گرتووخانەكانی یەكێتی، مانیان گرتووە و داوای یەكلاكردنەوەی دۆسیەكانیان دەكەن.
لاهوور شێخ جەنگی سەرۆكی بەرەی گەل، رۆژی 22ی ئابی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن چەكدارانی یەكێتییەوە دوای هێرشكردنە سەر هۆتیل لالەزار و شەڕ و ڕووبەڕوبوونەوە بۆ ماوەی دوو سەعات، گیرا. هەر ئەوەیش نا، هەمان شەو چەندان كەس بوونە قوربانی و سلێمانی رەنگی سەربازگەی لێ درا.