زانا عەبدولڕەحمان پەرلەمانتاری پێشتری یەكێتی كە دواتر لە لاهوور شێخ جەنگی نزیك بووەوە رای گەیاند، بافڵ و قوباد تاڵەبانی لە سێبەری یاسا دەترسن، ئەوان دەزانن ئەو سیناریۆ و تۆمەتانەی بۆ لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێكانی هەڵبەستراون، لە بەردەم بچووكترین وردبینیی یاسایی و بێلایەنانەدا هەڵدەوەشێنەوە.
زانا عەبدولڕەحمان لە واڵی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، پەیامەكەی لاهوور شێخ جەنگی لە گرتووخانەوە، تەنیا گوزارشت نییە لە ستەمێكی كەسی، بەڵكو ڕاگەیاندنی "كۆچی دوایی" دادپەروەرییە لە ژێر سێبەری حوكمڕانییەكدا كە فێری بێدەنگكردنی نەیار بووە نەك سەروەری.
"هەشت مانگ زیندانیكردنی ناڕەوا و ڕێگریكردن لە چوونە پێشەوەی دۆسیەكە بۆ دادگای تەمیز، یەك ڕاستی دەسەلمێنێت: بافڵ و قوباد تاڵەبانی لە سێبەری یاسا دەترسن، ئەوان دەزانن ئەو سیناریۆ و تۆمەتانەی بۆ لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێكانی هەڵبەستراون، لە بەردەم بچووكترین وردبینیی یاسایی و بێلایەنانەدا هەڵدەوەشێنەوە، بۆیە پەنا دەبەنەبەر تیرۆری كات و پەكخستنی دادگا بۆ ئەوەی ڕاستییەكان لە تاریكیدا بمێننەوە"، زانا عەبدولڕەحمان وای نووسیوە.
ئەو دووپاتی كردووەتەوە كە ئەو گوشارانەی دەخرێنە سەر دادوەران و ئەو ڕێگرییانەی لە ڕێڕەوی یاسا دەكرێن، تەنیا ڕقوكینەی خەڵك بەرانبەر بەوان قووڵتر دەكاتەوە و هەر مەترسییەك لەسەر ژیانی مانگرتووان، ڕاستەوخۆ لە ئەستۆی ئەو كەسانەیە كە یاسایان كردووەتە بارمتە.