دوای بڕیاری لاهوور شێخ جەنگی كە مانگرتنی لە گرتووخانە راگەیاند، ئەمڕۆ ژمارەیەكی تر لەو گیراوانەی لالەزار كە ئێستە لەناو گرتووخانەكانی یەكێتیدان و مانیان گرت، گەیشتە 28 كەس.
ئەمڕۆ دووشەم 20ی نیسان، سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بەرەی گەل، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ هەواڵیان پێدراوە كە 28 كەس لەناو گرتووخانەكانی یەكێتی كە بەهۆی هێرشەكەی سەر لالەزار گیراون، مانگرتنیان راگەیاندووە.
سەرچاوەكە دووپاتی كردەوە، ئەوە دوای بڕیاری لاهوور شێخ جەنگی هات كە دوێنێ بڕیاری مانگرتنی دا تا دۆسیەكەی یەكلا بكرێتەوە.
هەر ئەمڕۆ یەكێك لە گیراوانی لالەزار بەناوی ئاراس عومەر كە نەخۆشیی شێرپەنجەی هەیە، دۆخی تەندروستی تێكچووە. ئەوەیش لەلایەن سەرچاوەیەكی ترەوە پشتڕاست كرایەوە.
لاهوور شێخ جەنگی سەرۆكی بەرەی گەل، رۆژی 22ی ئابی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن چەكدارانی یەكێتییەوە دوای هێرشكردنە سەر هۆتیل لالەزار و شەڕ و ڕووبەڕوبوونەوە بۆ ماوەی دوو سەعات، گیرا. هەر ئەوەیش نا، هەمان شەو چەندان كەس بوونە قوربانی و سلێمانی رەنگی سەربازگەی لێ درا.