سەركردەیەكی بەرەی گەل دۆخی ئێستەی گیراوانی لالەزار روون دەكاتەوە و لەبارەی ئەوەی كە ئامادەن وەك نەوەی نوێ سوڵح لەگەڵ یەكێتی بكەن دەڵێ، خۆ لاهوور شێخ جەنگی شاسوار نییە فراكسیۆنێك بدۆڕێنێ تا لە زیندان بێتە دەرەوە.
لە دوێنێوە لاهوور شێخ جەنگی و تەواوی گیراوانی تری لالەزار لە گرتووخانەكانی یەكێتی مانیان گرتووە، ئەوە لایەنگرانی بەرەی گەلی خرۆشاند.
سەركردەیەكی بەرەی گەل، بۆ "وشە" قسەی كرد و گوتی، لاهوور شێخ جەنگی لە مانگرتن بەردەوام دەبێت چونكە ستەمی بەرانبەر كراوە و قبووڵ ناكات بافڵ و قوباد یاری بە كەیسەكەیەوە بكەن.
لەبارەی ئەوەی كە بۆچی وەكو شاسوار رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی ناكەن، سەركردەكەی بەرەی گەل گوتی، یەكێتی دەیەوێ دەنگی ناڕەزایی لە سلێمانی نەهێڵێت و ئێستە جگە لە بەرەی گەل كەس لەو شارە ئۆپۆزسیۆن نییە، چونكە شاسوار بە سەفقەی سیاسی فراكسیۆنێكی دۆڕاند و هاتە دەرەوە لە زیندان، ئێستەیش دەستەمۆی یەكێتییە و ناتوانێ قسە بكات.
لای خۆیەوە ژینۆ محەمەد سەركردە لە بەرەی گەل، بۆ "وشە" گوتی، تا ئێستە هیچ گفتوگۆیەكی وا لە ئارادا نەبووە كە لاهوور شێخ جەنگی و گیراوانی تر بە ڕێككەوتن لەگەڵ یەكێتی بێنە دەرەوە، "بە هەموو شێوەیەك ئەوە رەت دەكەینەوە و دەبێت یاسا رێڕەوی خۆی بگرێت".
لاهوور شێخ جەنگی سەرۆكی بەرەی گەل، رۆژی 22ی ئابی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن چەكدارانی یەكێتییەوە دوای هێرشكردنە سەر هۆتیل لالەزار و شەڕ و ڕووبەڕوبوونەوە بۆ ماوەی دوو سەعات، گیرا. هەر ئەوەیش نا، هەمان شەو چەندان كەس بوونە قوربانی و سلێمانی رەنگی سەربازگەی لێ درا.