بەڕێوەبەری حەج و عومرەی سلێمانی ئاشكرای دەكات، سەرەتای مانگی داهاتوو حاجیانی سنووری سلێمانی بەرەو وڵاتی سعوودیە لە رێگەی وشكانییەوە بەڕێ دەكەون، هەر قافڵەیەك دوو پاسی بۆ دابین كراوە.
ئەمڕۆ سێشەم 21ـی نیسان، عەباس خدر بەڕێوەبەری نووسینگەی حەج و عومرەی سلێمانی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، ڕۆژی حەوتی ئایاری 2026، سەرجەم حاجیانی پارێزگای سلێمانی كە پێكهاتوون لە 25 قافڵە، بەرەو سعوودیە بەڕێ دەكەون كە ژمارەیان هەزار و 262 حاجییە، هەر قافڵەیەك دوو پاسی بۆ دانراوە، بۆ ئەوەی هەر نەفەرێك دوو كورسیی بەربكەوێت و گەشتەكەی بە ئاسوودەیی بكات.
زیاتر گوتی، لە ماوەی دوو رۆژدا سەرجەم حاجیانی سلێمانی بەرەو سعوودیە بەڕێ دەكەون.
ئەوەشی خستەڕوو، حكوومەتی عێراق بەڵێنی داوە بۆ هەر حاجییەك دوو هەزار دۆلار بە نرخی فەرمی بگۆڕێتەوە، ئەمەش شتێكی باشە و لەو ئاڵوگۆڕە هەر حاجییەك نزیكەی 420 هەزار دیناری بۆ دەگەڕێتەوە.