ئەو كەسەی هێرشی كردە سەر مزگەوتی شێخ محەمەد پیرخدری گیرا

:: PM:12:17:21/04/2026 ‌
تۆمەتباری هێرشكردنە سەر مزگەوتی شێخ محەمەد پیرخدری لە شاری هەولێر گیرا، بڕیارە دواتر هێزە تەناهییەكان لەبارەی هۆكاری هێرشەكە روونكردنەوە بدەن.

 گوتەبێژی یەكێتیی زانایان رای گەیاند، تۆمەتباری هێرشكردنە سەر مزگەوتی شێخ محەمەد پیرخدری لەلایەن هێزە تەناهییەكانەوە  لە شاری هەولێر گیرا.

 درەنگی شەوی 18ـی نیسان، كەسێك چووە مزگەوتی شێخ محەمەد پیرخدری لە هەولێر، كە هەمان كات تەكێی شێخ بەدرەدین زراریی تێدایە و كتێبخانەی مزگەوتەكەی شێواند و كتێبەكانی دڕاند.

د. عەبدوڵا شێركاوەیی گوتەبێژی یەكێتی زانایانی ئاینیی هەرێمی كوردستان لەمبارەیەوە گوتی، ئەو كەسەی هێرشی كردە سەر مزگەوتی شێخ محەمەد پیرخدری، لە هەولێر لەلایەن هێزە تەناهییەكانەوە گیرا، ئەوەش دوای ئەوەی یەكێتیی زانایان سكاڵایان تۆمار كردبوو.

 بەگوتەی شێركاوەیی، دواتر هێزە تەناهییەكان لەبارەی هۆكاری هێرشەكە روونكردنەوەی تۆمەتبار دەخەنە روو، چونكە گرنگە بزانرێت بۆچی پەلاماری شوێنێكی وا پیرۆز دراوە و ئەو هەمووسەرچاوە ئاینییە شێوێنراوە.



وشە - سۆران عەزیز