پێدانی غازی ماڵان زیادی كردووە و نرخیشی هەرزان بووە

:: PM:01:18:21/04/2026 ‌
زیادبوونەوەی بەرهەمهێنانی غاز لە كۆمۆر وایكردووە، ئێستە كاریگەرییەكانی لەسەر شارەكان بكات و نرخەكەشی لە بازاڕ دابەزێت.

ئەمڕۆ سێشەم 21ـی نیسان، سالار محەمەد بەڕێوەبەری پشكنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتیی دابەشكردنی نەوت و كانزاكانی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، پرۆسەی دابەشكردنی غازی ماڵان بەرەو باشبوونێكی بەرچاو دەچێت و بڕی غازی پێگەیشتوو بە هەولێر زیادی كردووە.

زیاتر گوتی، پێشتر لە هەفتەیەكدا تەنیا دوو رۆژ غاز بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەكرا، بەڵام بەهۆی زیادبوونی قەبارەی بەرهەمەوە، توانراوە بكرێتە سێ و دواتریش چوار رۆژ لە هەفتەیەكدا بە بریكارەكان دەدرێت. 

باسی لەوەش كرد، ئەگەر بۆ رۆژانی داهاتوو بڕی غازی پێگەیشتوو بەم شێوەیەی ئێستە بێت، ئاستی دابەشكردنەكە بەرز دەكەینەوە بۆ پێنج رۆژ لە هەفتەیەكدا، هەروەها لە هەر گەڕێكی دابەشكردندا نزیكەی 35 بۆ 40 هەزار بوتڵ غاز بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەكرێت.

روونی كردەوە، پرۆسەكە بەتەواوی ئەلیكترۆنی كراوە و لە رێگەی "كارتی ئەلیكترۆنی"ـیەوە دەبێت، كە ئێستە لە دەستی هاووڵاتییاندایە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەكەیانەوە كارا كراوە.

هاوكات رەفیق عارەب غازفرۆش، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەمڕۆ نرخی بوتڵێك غازی بازرگانی لە نێوان 19 بۆ 20 هەزار دینارە، پێشبینیش دەكرێت زیاتر دابەزێت.

ئێستە پێدانی بوتڵی دووەم كارا كراوە و هاووڵاتییان دەتوانن لە بریكارەكانی غاز دابەشكردنی بوتڵی دووەم وەربگرن.



وشە - رامیار جەواد