بە پڕۆژەیەكی گەورە مەترسیی لافاو لە زاخۆ دوور دەخرێتەوە

:: AM:09:12:23/04/2026 ‌
ئێستە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ كار لەسەر پڕۆژەیەكی گەورە دەكات كە كۆتایی بەمەترسیی لافاو بێنێت.

سەرۆكی شارەوانیی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕای دەگەیەنێت، گرفتی سەرەكیمان چوار وشكەڕۆ بوو لە دەرەوەی شار، ئاوی بارانی سنووری باتیفا و گوندی 'بۆسڵ' دەهێننە ناو زاخۆ و دەبنە هۆی دروستبوونی لافاو."

سەرۆكی شارەوانی گوتی، ئێستە بە ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران كار بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەیەكی گەورە لە دەرەوەی شار دەكرێت كە بە تەواوبوونی، مەترسیی لافاو لە زاخۆ بە یەكجاری كۆتایی پێ دێنێت.

یونس محەمەد سەرۆكی شارەوانیی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ رای گەیاند، ئێستە كۆمپانیایەك سەرقاڵی تەواوكردنی دیزاینەكەیەتی و لەسەر ڕێگەی ئیبراهیم خەلیل، پڕۆژەیەكی ئاوەڕۆی سندووقیی گەورە دروست دەكرێت كە توانایەكی زۆری گواستنەوەی ئاوی هەیە.

شارەوانیی زاخۆ ئاماژەی بەوە كرد، "بە جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژانە، هیچ مەترسییەكی لافاو لەسەر زاخۆ نامێنێت". 



وشە - سۆران عەزیز