هاوپەیمانیی ڕۆژهەڵات داوا لە كوردانی دەرەوە دەكات گردبوونەوە دژی ئێران ئەنجام بدەن

:: AM:10:20:23/04/2026 ‌
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران، داوای لە نەتەوە یەكگرتووەكان و ناوەندە نێودەوڵەتییەكان كرد لە بەرانبەر هێرشەكان هەڵوێستیان هەبێت، هەروەها داوای لە كوردانی دەرەوەی وڵات كردووە كە لە شەقامەكان و بەردەم باڵوێزخانەكان، گردبوونەوەی جەماوەریی ئەنجام بدەن.

هاوپمانیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران، لەبارەی هێرشەكانی ئەمدواییەی سەر پارتەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كە لە باشوور نیشتەجێن، ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە.

دەقی ڕاگەیەنراوەكەی هاوپەیمانیییەكە: بۆ ڕای گشتی، وڵاتان، ناوەندە نێودەوڵەتییەكان و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ.

ڕژێمی تیرۆریستی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ پەردەپۆشكردنی شكستە سیاسی، سەربازیی و ستراتیجییە ئایدۆلۆجییەكانی، جارێكی تر پەرەی بە هێرشە مووشەكی و درۆنییەكانی بۆ سەر تێكۆشەرانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە هەرێمی كوردستان داوە. ئەم هێرشانە نیشانەی دەستەوەستانی و لاوازیی ڕژێمە لە بەرامبەر گۆڕانكارییە ناوچەییەكاندا. هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران لە سێ خاڵدا بۆچوونی خۆی لەسەر دۆخی ئێستە ڕادەگەیەنێت:

١- هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران، پێداگریی دەكاتەوە ئەم شەڕ و ئاڵۆزییانە، شەڕی كۆمەڵگەی ئێران و نەتەوەكانی ئەم وڵاتە لەگەڵ دنیا نییە، بگرە ئەوە ڕژێمی دیكتاتۆر و سەركوتگەری كۆماری ئیسلامییە‌ كە تەواوی خەڵكی ئێرانی بە بارمتە گرتووە. ئەو شەڕەی ئێستە هەڵگیرساوە، ئاكامی دەیان ساڵ سیاسەتی زێدەخوازی، دەستێوەردان لە كاروباری وڵاتان و پاڵپشتیی تیرۆریزمە، سیاسەتێك كە دواجار هەم ئێرانی تووشی داڕمانی ئابووری كرد و هەم كۆماری ئیسلامیشی بەرەو لێواری ڕووخان بردووە.

٢- ڕژێمی كۆماری ئیسلامی لە سەرەتای ئەم قۆناغەی شەڕەوە تا ئێستە، زیاتر لە ٧٠٠ جار سەروەریی خاكی عێراقی بەزاندووە و هەرێمی كوردستانی كردووەتە ئامانج. لەم ناوەدا زیاتر لە ١٥٠ هێرشی ڕاستەوخۆ كراوەتە سەر كەمپی پەنابەرانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی كوردستان. لە ئەنجامی ئەم دەستدرێژییەدا تا ئێستە ٢١ كەس شەهید بوون كە ١٠ كەسیان تێكۆشەران و پەنابەرانی ئەندامی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێرانن. وێڕای سەركۆنەكردنەوەی ئەم تاوانانە، پشتیوانیی تەواوی خۆمان بۆ سەقامگیریی هەرێمی كوردستان ڕادەگەیەنین و بە ئامانجگرتنی كونسوڵگەكان، كەمپە سیاسییەكان و شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵكی سڤیل بە پێشێلكردنی "ڕێككەوتننامەی جێنڤ" و تاوانێكی جەنگی دەزانین. هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران داوا لە وڵاتان، ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و ناوەندە نێودەوڵەتییەكان دەكات لە بەرانبەر ئەم هێرشانەی كۆماری ئیسلامیدا هەڵوێستیان هەبێت.

٣- داوا لە سەرجەم هاونیشتمانییەكانمان لە دەرەوەی وڵات دەكەین، بەشێوەیەكی یەكگرتوو و بە بەرپرسیارێتیی نیشتمانییەوە، لەسەر شەقام و لە بەردەم باڵوێزخانەكان و ناوەندەكانی بڕیاردا دەنگی خەبات و خۆڕاگریی نەتەوەكەمان بن. هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران پێشوازی لە هەر جۆرە هاوكارییەك لەگەڵ لایەنە كوردییەكان، حزب و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و هۆگران و لایەنگرانی ئازادی و دادپەروەری بۆ پاڵپشتی لە دۆزی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و لەقاودانی تاوانەكانی ڕژێمی كۆماری ئیسلامی دەكات.

لە كۆتادا ڕایدەگەیەنین كە ئەم هێرش و قوربانییانە، نەك هەر ئیرادەمان نالەرزێنێت، بەڵكو باوەڕمان بە ڕەوایی خەبات بۆ ڕووخانی ئەم ڕژێمە و ڕزگاریی كوردستان پۆڵایینتر دەكات.




وشە - سۆران عەزیز