85%ی خەڵكی كوردستان بوونە خاوەنی پڕۆژەی رووناكی

:: PM:05:56:23/04/2026 ‌
وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، كارەبای 24 سەعاتی بۆ نزیكەی 5.5 ملیۆن هاووڵاتیی، كە دەكاتە زیاتر لە 85%ـی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناكی دابین كراوە.

لەچوارچێوەی ئەم هەنگاوەش تەواوی شارەكانی زاخۆ، سۆران، ڕاپەڕین، پیرمام، ئاكرێ، سیمێل و كۆیە كارەبای 24 سەعاتیان بۆ دابین دەكرێت لەڕێگەی پڕۆژەی ڕووناكی.

وەزارەتەكە رای گەیاند، هەموو هاوبەشانی ماڵان كە دەبنە بەشێك لە پڕۆژەی ڕووناكی لەو ناوچانە لە داشكاندن بەڕێژەی 50٪، 25٪ و 15٪ لەسەر پسوولەی كارەبا بۆ سێ مانگی یەكەم وەك بەشێك لە قۆناغی ڕاگوزەری بۆ نرخە نوێیەكانی كارەبا سوودمەنددەبن.

ئاماژە بۆ ئەوەیش كراوە، زیاتر لە 5,900 مۆلیدەی گازوایل لە گەڕەكەكان كوژێنراونەتەوە كە دەكاتە نزیكەی 85٪ی كۆی گشتی مۆلیدەكانی كوردستان و تا كۆتایی ساڵی 2026یش، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پلانیدایە زیاتر لە 7,000 مۆلیدە بكوژێنێتەوە.

مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پڕۆژەی ڕووناكی ڕاگەیاند بە مەبەستی گەیاندنی كارەبای 24 سەعاتی بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەكان تا كۆتایی ساڵی 2026. لە ئایاریش، ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەكۆی دەنگ بڕیاری پەسەندكردنی پڕۆژەكەی دەركرد.



وشە - وشه‌