نێچیرڤان بارزانی: قەڵادزێ و پشدەر شایستەی باشترین بایەخپێدان و ئاوڕلێدانەوەن

:: AM:10:01:24/04/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی 24ی نیسانی 2026، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا یادی 52 ساڵەی قوربانییانی بۆردمانکردنی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانیی کردەوە و دووپاتی کردەوە کە خوێنی شەهیدان گوڕوتینی زیاتری بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان دا.

نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا کە دەست "وشە" کەوتووە، ڕای گەیاند، ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە یادی 52 ساڵەی قوربانییانی بۆردمانکردنی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی دەکەینەوە. ئەو تاوانکارییەی 24ی نیسانی 1974 کە ڕژێمی ئەوسای عێراق ئەنجامی دا و تێیدا دەیان قوتابی، مامۆستا و هاووڵاتیی بێتاوان شەهید و بریندار بوون.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕوونی دەکاتەوە کە بەئامانجگرتنی زانکۆ وەک ناوەندێکی زانستی و شاری قەڵادزێ وەک مەڵبەندێکی نیشتمانپەروەری، هەوڵێکی بێهوودەی ڕژێم بوو بۆ تێکشکاندنی ئیرادەی گەلی کوردستان، بەڵام خوێنی شەهیدان، بووە گوڕوتینێکی زیاتر بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان و کاروانەکەی بەرەو ئازادی بەگوڕتر کرد.

لە بەشێکی تری پەیامەکەدا هاتووە، لەم یادەدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدان دادەنوێنین و سڵاو بۆ کەسوکاری سەربەرزیان دەنێرین. نێچیرڤان بارزانی دووپاتی دەکاتەوە کە قەڵادزێ و پشدەر کە هەمیشە قەڵایەکی پتەوی شۆڕش و قوربانیدان بوون، لە هەموو ڕوویەکەوە شایستەی باشترین بایەخپێدان و ئاوڕلێدانەوەی ڕژدین.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێم سڵاوی نارد بۆ گیانی پاکی شەهیدانی قەڵادزێ و تەواوی شەهیدانی کوردستان.


وشە - پۆڵا مەحموود