حكوومەتی هەرێمی کوردستان: هیچ بنکەیەکی هەواڵگریی وڵاتان لە هەرێم بوونی نییە

:: AM:10:42:24/04/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی 24ی نیسانی 2026، فەرمانگەی پێوەندییەکانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕی بەرانبەر بەو تۆمەتانەی لەلایەن دادگا و ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بڵاو کراونەتەوە، کە گوایە ئەو کەسانەی لە ئێران سزا دراون، لە هەرێمی کوردستان لەلایەن دەزگای هەواڵگریی وڵاتانەوە مەشقیان پێ کراوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا کە دەست "وشە" کەوتووە، حكوومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە و دووپاتی دەکاتەوە کە هیچ بارەگا و ناوەندێکی مەشق و ڕاهێنانی دەزگای هەواڵگریی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان بوونی نییە، بەستنەوەی هەرێمیش بەم جۆرە بابەتانە بێ بنەمایە و دوورە لە ڕاستییەوە.

هەروەها نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕیوە لە بەردەوامیدان بەم جۆرە تۆمەتانە و ڕای گەیاندووە، لە کاتێکدا ناوچەکە پێویستی بە دانبەخۆداگرتنی زیاتر و گفتوگۆ هەیە، ئەم جۆرە ڕەفتارانە ناسەقامگیریی زیاتر بەدوای خۆیاندا دەهێنن.

فەرمانگەی پێوەندییەکانی دەرەوە ئاماژەی بەوەش داوە کە هەرێمی کوردستان بەردەوام فاکتەرێکی سەقامگیری، بێلایەنی و پێکەوەژیان بووە لە عێراق و ناوچەکەدا، بە ڕێزگرتن لە دەستووری عێراق و پرەنسیپی دراوسێیەتیی باش، جەخت دەکاتەوە کە نابێت خاکی هەرێم بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ بەکار بهێنرێت.

لە بەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەدا، حكوومەتی هەرێم داوا لە حكوومەتی فیدراڵیی عێراق دەکات بەرپرسیارێتیی دەستووریی خۆی بگرێتە ئەستۆ لە پاراستنی سەروەریی عێراق و ڕێگریکردن لەو پێشێلکارییانەی دەکرێنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان. هاوکات داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و پاراستنی هاووڵاتییان و بەدیهێنان ئاشتی.

لە کۆتاییدا هاتووە، خەڵکی هەرێمی کوردستان لەپێناو ئاشتی، کەرامەت و مافە دەستوورییەکانیدا دەیان ساڵە بەرگەی ئازار و قوربانیدانی گرتووە، بۆیە حكوومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لەسەر حوکمڕانیی بەرپرسیارانە، پاراستنی هاووڵاتییانی، و پەرەپێدانی پێوەندیی ئاشتیخوازانە لەگەڵ دراوسێ و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان.


وشە - پۆڵا مەحموود