كەیسی لاهوور شێخ جەنگی وردبینییەكەی تەواو بوو و پارێزەرەكەشی دەڵێت دەبێ ئازاد بكرێت

:: PM:01:57:26/04/2026 ‌
قۆناغی لێكۆڵینەوە لە كەیسی لاهوور شێخ جەنگی لە دادگای ئاسایش تەواو بوو و دوای تەواوبوونی وردبینییەكە، كەیسەكە لەوێ جێگیر دەبێت و دواتر كاتی دادبینی دیاری دەكرێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 26ـی نیسان، بنەوشە رەفیق پارێزەری لاهوور شێخ جەنگی رای گەیاند، قۆناغی لێكۆڵینەوە تەواو بووە، بۆیە دادوەری دادگای ئاسایش رەوانەی دادگای تاوانەكانی دووی كردووە، دادگای تاوانەكانیش دەبێت وردبینی بكات و دوای تەواوبوونی وردبینییەكە، كەیسەكە لەوێ جێگیر دەبێت و دواتر كاتی دادبینی دیاری دەكرێت.

باسی ئەوەیش دەكات، وەك تیمی پارێزەران سوورین لەسەر ئەو داواكارییەی پێشكەشی دادگای تەمیزیان كردووە، داوایان كردووە دادگای تەمیز وردبینی و پێداچوونەوە و دیاریكردنی دادگای هەولێر لەلایەن دادگای تەمیزەوە بكرێت، مەبەست لەمەش ئەوەیە كە دادگای تەمیز هەر بڕیارێك بدات و هەر دادگایەك دیاری بكات قایلن، بەڵام هۆكاری سەرەكی ئەوەیە كە هێزی هێرشبەر و سكاڵاكار یەك لایەنن، لایەنی بەرانبەر لەم سنوورەدا دەسەڵاتی رەهای هەیە لە تەواوی جومگەكان، بۆیە پێمان باشترە بگوازرێتەوە.

ئاماژە بەوەش دەكات، دۆسیەكە كە رەوانەی دادگای تاوانەكان كراوە، تەواوی 19 كەسەكەن، بەڵام رەنگە لەو كاتەی دۆسیەكە لە دادگا بێت و ئازاد بكرێن لەلایەن ئاسایشەوە، نموونەی بەرچاویش هەیە وەك ئارام قادر كە كاتی دادگاكەش دیاری كرابوو، بەڵام ئازاد كرا.

لە كۆتایی قسەكانیدا دەڵێت، وەك تیمی پارێزەران لە كۆتاییدا باس لەوە دەكەین ئەگەر ئەم كەیسە رێكارە یاساییەكانی وەك خۆی بڕوات، ئەوا دڵنیاین لە هەوڵی ئازادكردنیان بەو بەڵگانەی ئێستە هەیە، هاوكات تەواوی ئەو بەڵگانەی ئێستە هەیە هیچ تۆمەتێك ساغ ناكاتەوە بەرانبەر بریكارەكانی ئێمە، بەڵام بڕیاری كۆتاییش لای دادوەرە .




وشە - رامیار جەواد