لە هەنگاوێكی نوێدا بۆ كەمكردنەوەی بارگرانیی دارایی لەسەر شانی هاووڵاتییان و ڕێكخستنەوەی سیستمی دابەشكردنی ئاو، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان، بڕیاری دا لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە، ئاسانكاریی پێشكەش بەو ماڵانە بكات كە تا ئێستە پێوەری ئاویان نەبەستووە.
ئەمڕۆ یەكشەم 26ـی نیسان، ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، بە "وشە"ـی راگەیاند، بەپێی ڕێنوێنییە نوێیەكانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەو هاووڵاتییانەی لە ناو سەنتەری شارەكاندان و پێشتر بەهۆی نەبەستنی پێوەرەوە، بڕی 40 بۆ 80 هەزار دینار قەرزیان بۆ ئەژمار كراوە، ئەگەر پابەندی بەستنی پێوەر بن، ئەوا تەواوی ئەو بڕە پارەیەیان بۆ كەم دەكرێتەوە و تەنیا 20 هەزار دیناریان لێ وەردەگیرێت.
زیاتر گوتی، ئەم ئاسانكارییە دانیشتووانی دەرەوەی سەنتەری شارە گەورەكانیش دەگرێتەوە، بە جۆرێك كە بڕی قەرزەكەیان تەنیا بۆ 10 هەزار دینار كەم دەكرێتەوە، ئەمەش وەك هاندەرێك بۆ ئەوەی هەموو ماڵێك ببێتە خاوەنی پێوەری تایبەت بە خۆی.
باسی لەوەش كرد، ئەم دەستپێشخەرییە لە چوارچێوەی ستراتیجێكی گشتگیردا دێت بۆ پاراستنی سامانی ئاو و ڕێگریكردن لە بەفیرۆدانی، چونكە بەستنی پێوەر دەبێتە هۆی ئەوەی هاووڵاتییان تەنیا بەرانبەر ئەو بڕە ئاوە پارە بدەن كە بەكاری دەهێنن.
ئاماژە بەوەش كرد، ئامانجی سەرەكیی ئەم بڕیارە زیاتر خزمەتكردنی هاووڵاتییان و ڕێكخستنەوەی ژێرخانی ئاوە بەشێوەیەكی زانستی، نەك بارگرانیی دارایی، هاوكات داوا لە هەمووان دەكات ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە بۆ پاكتاوكردنی قەرزەكانیان و بە یاساییكردنی بەكارهێنانی ئاو.
ئەم بڕیارە دەرفەتێكی زێڕینە بۆ هاووڵاتییان تا بەشێكی زۆری قەرزە كۆنەكانیان بۆ ببەخشرێت، تێچووی مانگانەی ئاوەكەیان بەشێوەیەكی دادپەروەرانە ڕێكبخەنەوە.