دواجار بڕیاردرا كە حاجیانی كوردستان لەرێی فڕۆكەوە گەشتی حەجی ئەمساڵ ئەنجام بدەن كە پێشتر بەهۆی شەڕی ئێران و ئەمەریكا بڕیار بوو گەشتەكان لەرێی وشكانی ئەنجام بدرێن.
ئەمڕۆ یەكشەم 26ـی نیسان، نەبەز ئیسماعیل گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی، بە "وشە"ـی راگەیاند، دوای هەوڵ و ماندووبوونێكی زۆری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ زیاتر خزمەتكردنی حاجیانی كوردستان و گەیاندنیان بۆ وڵاتی عەرەبستانی سعوودیە بە كەمترین ماندووبوون و سەلامەتیان، لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە، بەهەماهەنگی لەگەڵ دەستەی گشتی حەج و عومرەی عێراق، بڕیاردرا حاجیانی كوردستان تا سنووری عەرعەر بە پاس بچن، لەوێشەوە بۆ فرۆكەخانەی جەدە لە وڵاتی عەرەبستانی سعوودیە بە فڕۆكە گەشت بكەن.
زیاتر گوتی، ئەم بڕیارەش لەپێناو خزمەتكردنی زیاتری حاجیانی كوردستان و گەیاندنیان بە سەلامەتترین ڕێگا بۆ مەككەی پیرۆز.
باسی لەوەشكرد، لە كوردستانەوە حاجیان جانتاكانیان بەڕێگەی بارهەڵگر دەبرێتە شاری مەككەی پیرۆز و ڕەنگە پێش گەیشتنی خۆشیان جانتاكانیان بگات بە هۆتێل، ئەمەش بۆ ئەوەیە حاجیان بەوپەڕی ئاسوودەیی گەشتەكەیان ئەنجام بدەن.
روونی كردەوە، بڕیاریشە ڕۆژی 12ی ئایار یەكەم گەشت بەفرۆكە دەست پێ بكات، بەپێی خشتەیەكی ڕۆژانە لەماوەی سێ رۆژ تەواوی حاجیان گەشت دەكەن بۆ وڵاتی سعوودیە.
هەرێمی كوردستان ئەمساڵ پێنج هەزار و 120 حاجی هەیە گەشتی حەج ئەنجام دەدەن.