لە هەولێر ناوەندێكی زانستی بۆ سەرچاوەكانی ئاو و خاك كرایەوە

:: PM:12:30:27/04/2026 ‌
پارێزگاری هەولێر بە مەبەستی پەرەپێدانی كەرتی ئاودێری و پشتبەستن بە بنەما زانستییەكان، ناوەندی سەرچاوەكانی ئاو و خاكی لە ناو باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتی ئاودێری هەولێری كردەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 27ـی نیسانی 2026، ئومێد خۆشناو "ناوەندی سەرچاوەكانی ئاو و خاك"ی لە ناو باڵەخانەی بەرێوەبەرایەتی ئاودێری هەولێری كردەوە، ئەم ناوەندە وەك دەزگایەكی زانستی و داتایی نوێ كاردەكات بۆ كۆكردنەوەی توێژینەوە ئەكادیمییەكان و پێشكەشكردنی راوێژی پسپۆڕانە لە بواری بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتییەكان لە سنووری پارێزگای هەولێر.

دوای كردنەوەی ناوەندەكە، پارێزگاری هەولێر جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژە ستراتیژییەی بە گرنگ ناوبرد، هەروەها جەختی لەسەر پشتگیری پارێزگا كردەوە بۆ هەر دەسپێشخەرییەك كە خزمەت بە پاراستنی سامانی ئاو و خاك بكات.

ئامانج لە دامەزراندنی ئەم ناوەندە، دروستكردنی بنكەیەكی زانیاریی بەهێزە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا، پاراستنی ئاوی ژێرزەوی و پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ لە رێگەی بەكارهێنانی نەخشەی دیجیتاڵیی بۆ خاك و ئاو.



وشە - سۆران عەزیز