ماوەی هەفتەیەكە رێگریی دەكرێت لەوەی تیمی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەردانی گیراوانی لالەزار بكەن، ئەمڕۆیش رێگەیان نەداوە.
ئەمڕۆ سێشەم 28ـی نیسان، سەرچاوەیەكی تایبەت بە "وشە"ـی راگەیاند، دوای مانگرتنی لاهوور شێخ جەنگی و 19 لە گیراوانی لالەزار، تیمی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ هەوڵی بینینی لاهوور شێخ جەنگی و گیراوانیان داوە، بەڵام رێگریی دەكرێت.
زیاتر گوتی، لاهوور شێخ جەنگی و براكەی 80 سەعات مانگرتنیان هەبوو، زۆر پێویست بوو تیمی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بیانبینن، بەڵام تا ئێستە هەفتەیەك تێپەڕ بووە و رێگریی دەكرێت.
ئەوەیش زانراوە كە زیاتر لە جارێكە لیژنەیەكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، دەیەوێت سەردانی بەندینخانەكانی ئاسایشی سلێمانی بكات، بەڵام رێگریی لە چوونی لیژنەكە دەكرێت، هەفتەی رابردوو بڕیار بوو سەردانی لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای (برازاكانی جەلال تاڵەبانی) بكەن، بەڵام ڕەت كرایەوە بۆ دوێنێ، بەهەمانشێوە جارێكی تریش رێگریی لە چوونی لیژنەكە كرا.