دوای چوار مانگ ئاسایشی رۆژئاوای كورردستان شەهیدبوونی 10 چەكداری عەفرینی راگەیاند

:: PM:12:28:28/04/2026 ‌
فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایش)ـی پارێزگای حەسەكە بە ڕاگەیەنراوێك، ناسنامەی 10 لە ئەندامەكانی ئاشكرا كرد كە لە كانوونی دووەمی 2026 لە بەرخۆدانەكانی گەڕەكە كوردنشینەكانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە شەهید بوون.

فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایش)ـی رۆژئاوای كوردستان، لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە، "بە شانازی و شكۆیەكی مەزنەوە، بە باوەڕێكی بێپایانەوە بە دادپەروەریی دۆزەكەمان، شەهیدبوونی ژمارەیەك لە قارەمانەكانمان ڕادەگەیەنین كە لە گەڕەكەكانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە گیانی خۆیان فیدا كرد".

ئاماژەی بەوەش كردووە، "شەهیدەكانمان بە خوێنی پاكی خۆیان داستانێكی نەمریان تۆمار كرد و باڵاترین بەهاكانی فیداكارییان پێشان دا، ئەوان تا دوا هەناسە لە سەنگەرەكانیاندا بە پێداگرییەوە وەستان، بۆ ئەوەی شكۆی گەلەكەیان و دەستكەوتەكانی شۆڕشەكەیان بپارێزن".

جێی سەرنجە دوای چوار مانگ، تازە فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایش)ـی پارێزگای حەسەكە شەهیدبوونیان بەفەرمی رادەگەیەنێت.

بەگوێرەی ناسنامەی شەهیدەكان، هەریەك لە ئەحمەد سلێمان ناسراو بە كاوە عەفرین، ئەحمەد گەلی ناسراو بە بەرخودان عەفرین، ئەنوەر جومعە ناسراو بە چەكدار عەفرین، بەشار وەقاس ناسراو بە دۆغان عەفرین، جومعە شێخۆ ناسراو بە حەمودە عەفرین، حەجی خەلیل ناسراو بە ڕۆدی عەفرین، حەسەن حەمۆ ناسراو بە فەداكار عەفرین، خالید حەجی ناسراو بە جودی ڕەشۆ، زەهرەدین حیجازی ناسراو بە ئەسلان عەفرین، تالیب عەلوش سەرجەمیان لە مانگی كانونی دووەمی ئەمساڵ لە رووبەڕووبوونەوەی هێزەكانی سوپای سووریا شەهید بوون.



وشە - سۆران عەزیز