وەزارەتی پەروەردە چەند بڕیارێكی دا

:: PM:01:10:28/04/2026 ‌
وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چەند بڕیارێكی بۆ خوێندنی ئەمساڵ و ساڵی داهاتوو دا و سەرجەم پەروەردەكان پێیانەوە پابەند دەكرێن.

ئەمڕۆ سێشەم 28ـی نیسان، بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی پەروەردە كە بۆ سەرجەم پەروەردەكان نێردراوە و تێیدا هاتووە، پێویستە دووپات لە قوتابخانەكانی سنووری پەروەردەكانتان بكەنەوە كە (ڕۆژانە و لە دوای كۆتاهاتنی هەر تاقیكردنەوەیەك)، كتێب لە قوتابیان وەربگیرێتەوە.

ئاماژە بەوەش كراوە، دەبێت وەرگرتنەوەی كتێبەكە بەشێوەیەك بێت هەر بابەتێك بە جیا و ڕێكوپێك لە كۆگەی قوتابخانە دابنرێ، بۆ دابەشكردنەوەیان بەسەر قوتابیان بۆ ساڵی خوێندنی داهاتوو بە (ڕێژەیەك) كە دواتر وەزارەتمان دیاری دەكات.

روون كراوەتەوە، پێویستە سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی بەدواداچوون بۆ ئەم پرۆسەیە بكەن لە كاتی سەردانیكردنیان بۆ ناوەندەكانی خوێندن.



وشە - رامیار جەواد