عەبدولخالق یەعقووبی هاوڕێی كۆچكردوو نووسەر و رووناكبیر فارووق رەفیق رای گەیاند، بڕیار بوو ئەمڕۆ پۆدكاستێك بۆ د. فارووق رەفیق تۆمار بكرێت، بەڵام مەرگ دەرفەتی نەدا.
ئەو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا چیرۆكی گیان لەدەست دانی گێڕایەوە و گوتی، ئەمڕۆ بڕیار بوو پۆدكاستێك بۆ د. فارووق رەفیق لە دامەزراوەی ئاوەز تۆمار بكرێت، بەڵام لە كاتی خۆیدا نەهاتووە، دواتر چەند هاوڕێیەكی چوون بۆ شوقەكەی و دەرگای نەكردووەتەوە، دەزگا تەناهییەكان ئاگەدار كراونەتەوە و كاتێك دەرگەكەی كرایەوە بینراوە كە گیانی لەدەست داوە.
ئەو گوتی، سبەی تەرمەكەی لە ڕێوڕەسمێكدا رەوانەی سلێمانی دەكرێتەوە كە دواجار دوێنی لە گفتوگۆدا بووین لەسەر نوێترین كتێبی لەسەر كۆمەڵگەی كوردی، ئێستە خاوەنی 22 كتێبە لەبارەی فەلسەفە و هزر.
ئەو هاوڕێیەی گوتی، ئێستە كەسوكارەكەی لە ڕێگەدان بۆ ئەوەی سبەی تەرمەكەی رەوانەی سلێمانی بكرێتەوە، لە رووی تەندروستیشەوە بەهۆی تەمەنی چەند كەموكووڕییەكی هەبوو.
گرنگترین بەرهەمە چاپكراوەكانی فارووق رەفیق:
- پاكس ئەمەریكانا (سەردەمی هەیمەنەی ئەمەریكی - چاوپێكەوتن لەگەڵ فاروق رەفیق، سازدانی ناسك قادر) - 2002
- غەمە جڤاتیەكان (دوو بەرگ) 2006 - 2008
- ئاشتكردنەوەی عەقڵ و عیشق (پەروەردەی لیبراڵ و ئاكاری مەدەنی)
- یەك كاتژمێری ماوە بۆ نیوەشەو - 2009
- هونەری عیشق - 2010
- داستانەكانی خۆرهەڵات لەبەردەم ئاوێنەی زاتی خوادا (شیعر) - 2006
- فەلسەفە و ژیان- 2009
- هونەری فەلسەفە (هونەری فەلسەفە وانەیەكی مێتافیزیكیانەیە) - 2010
- وێستگەیەك لە گەشتێكی فەلسەفی - 2011