لە پیرمام، سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و شاندێكی چوارچێوەی هاوئاهەنگی كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا باس لە پێویستیی پەلەكردن لە پێكهێنانی حكوومەت كرا بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن، هەروەها پابەندبوون بەماوە دەستوورییەكانەوە.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا، سەرۆك بارزانی باسی لە دوایین پێشهاتەكان كرد و دووپاتی لە پێویستیی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكوومەتی فیدڕاڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردەوە لە چوارچێوەی دەستوودا.
سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە جێبەجێكردن و پابەندبوون بەدەستوور چارەسەری سەرەكییە و داواشی كرد لەپێناو سەقامگیریی وڵاتدا هەموو لایەك پابەندی دەستوور بن.
لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا عەلی ئەلزەیدی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ، دووپاتی لە پێویستیی تێپەڕاندنی بابەتە نەرێنییەكانی ڕابردوو و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێی پێوەندییەكانی نێوان حكوومەتی فیدڕاڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردەوە، هاوكات لەگەڵ شاندی یاوەری داوایان كرد كە كوتلەی پەرلەمانی و حكوومیی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەشدارییەكی چالاكانە لە پڕۆسەی سیاسی و پێكهێنانی حكوومەتی فیدڕاڵ بگەڕێنەوە بەغدا.