حكوومەتی هەرێم بەبێ جیاوازی پرۆسەی دامەزراندن لە سەرجەم پارێزگاکان جێبەجێ دەکات

:: PM:10:32:02/05/2026 ‌
بەپێی چەند بەڵگە و نووسراوێکی فەرمی كە دەست "وشە" كەوتووە،  دەردەکەوێت کابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەتمەندیی تەواوی داوە بە پارێزگای هەڵەبجە و خزمەتی بەرچاوی پێشکەش کردووە، بەتایبەت لە ڕووی ڕەخساندنی هەلی کار و دامەزراندن لە کەرتی گشتیدا.

لە کابینەی نۆیەمدا، پرۆسەی دامەزراندن بەبێ جیاوازی بۆ گشت پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆیەکان بەپێی پێویستی و زەروورەت کراوە و بەردەوامیش دەبێت. لەم چوارچێوەیەدا و تایبەت بە پارێزگای هەڵەبجە، حكوومەت گرنگییەکی زۆری بە کەرتی تەندروستیی ئەو پارێزگایە داوە بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان.

بەپێی فەرمانەکانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و فەرمانە وەزارییەکانی وەزارەتی تەندروستی، پرۆسەی دامەزراندن بۆ هەڵەبجە بە سێ قۆناغ جێبەجێ کراوە. لەو سێ قۆناغەدا کە پێک هاتوون لە (100، 30، 21) کەس، بە کۆی گشتی 151 کارمەندی تەندروستی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە دامەزراون.


وشە - پۆڵا مەحموود