شارەزایەكی بواری كەشناسی ڕای دەگەیەنێت، شەپۆلێكی سەرما و بەفربارین كە ناوچە جیاوازەكانی گرتووەتەوە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا كاریگەرییەكانی دەگاتە هەرێمی كوردستان و عێراق، بەهۆیەوە پلەكانی گەرما بە شێوەیەكی بەرچاو و دەگمەن بۆ ئەم كاتەی ساڵ دادەبەزن.
ئەمڕۆ یەكشەم سێی ئایار، ئاراس جەبار شارەزای بواری كەشناسی رای گەیاند، دوای ئەوەی لە دوێنێوە شەپۆلێكی بەفربارین توركیای گرتەوە و بەرزاییەكانی ئەو وڵاتەی سپیپۆش كرد، پێشبینی دەكرێت نزمەپاڵەپەستۆیەكی سارد و جەمسەری ڕوو لە لبنان، سووریا و باكوری كوردستان بكات.
ئاماژەی بەوەش كردووە، لە سبەیەوە كاریگەریی ئەو هەوا ساردە دەگاتە ناوچەكانی باكوری سعوودیە، عێراق و هەرێمی كوردستان، هەرچەندە لە كاتی گەیشتنی بەم ناوچانە تا ئاستێك لاواز دەبێت، بەڵام پلەكانی گەرما بە شێوەیەكی بەرچاو دادەبەزن و لە شەواندا كەشێكی سارد باڵ بەسەر ناوچەكە دەكێشێت.
ئەو شارەزایەی كەشناسی دەشڵێت، ئەگەری تاوەباران و بروسكە لە كات و شوێنی جیاوازدا هەیە، لەگەڵ ئەگەری بەفربارین لە لوتكەی چیا زۆر بەرزەكان كە بەرزییان سەرووی سێ هەزار مەترە، ئەم شەپۆلەش تا كۆتایی هەفتە بەردەوام دەبێت و پلەكانی گەرما لە خوار ئاستی ئاسایی خۆیانەوە دەمێننەوە.