وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، بەهۆی نەبوونی چوارچێوەیەكی یاسایی كە ماف و بەرژەوەندییەكانی هاووڵاتییان بپارێزێت؛ لەبەرئەوەی هیچ كۆمپانیایەك لە بواری دراوە ئەلیكترۆنییەكان وەك (USDT) و بازرگانیی فۆڕێكس لە هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدراڵ، مۆڵەتی فەرمیی نییە.
ئەمڕۆ یەكشەم سێی ئایار، لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە، ئاگاداری هاووڵاتییان دەكەینەوە، لەبەر ڕۆشنایی ڕێنوێنییەكانی بانكی ناوەندیی عێراقی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان، بەهۆی نەبوونی چوارچێوەیەكی یاسایی كە ماف و بەرژەوەندییەكانی هاووڵاتییان بپارێزێت؛ لەبەرئەوەی هیچ كۆمپانیایەك لە بواری دراوە ئەلیكترۆنییەكان وەك (USDT) و بازرگانیی فۆڕێكس لە هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدراڵ، مۆڵەتی فەرمیی نییە.
ئاماژە بەوەش كراوە، بەپێی یاسا و ڕێنوێنییە كارپێكراوەكان، هەموو جۆرە مامەڵەیەك لەم بوارانەدا قەدەغەیە، بۆیە هەر كەس و گرووپێك لە ژێر ناوی كۆمپانیا لەم بوارەدا كار بكات، شوێنەكەی دادەخرێت و ڕووبەڕووی لێپرسینەوە دەبێتەوە.
لە كۆتایی راگەیەنراوەكەدا هاتووە، داوا لە هاووڵاتییان دەكەین بۆ پاراستنی سەرمایەكانیان، لەم جۆرە مامەڵانە دوور بكەونەوە، هەر كەسێك مافێكی لای ئەو لایەنانە هەیە كە پێشتر ئەم كارانەیان كردووە، با هەوڵی وەرگرتنەوەی بدات.