وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەو دەنگۆیانە رەت دەكاتەوە كە گوایە هاوكارییەكانی ئەمەریكا بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان راگیرابن.
دەقی راگەیەنراوەكەی وەزارەتی پێشمەرگە:
چەند ڕۆژێكە دەنگۆی ئەوە بڵاودەكرێتەوە كە گوایا هاوكارییەكانی ئەمەریكا بۆ پێشمەرگە ڕاگیراون، ئەم دەنگۆیانە بێ بنەمان و پرۆسەی پاڵپشتییەكان بەپێی ئەو لێكتێگەیشتنە هاوبەشەی لە نێوان وەزارەتی جەنگی ئەمەریكا و وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە كە لە پێناو سەرخستنی پرۆسەی چاكسازی و یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە واژوو كراوە.
تەنیا هاوكارییەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش وەستاون، ئەویش بەهۆی سنووداربوون و كەمبوونەوەی چالاكییەكانی تیرۆریستانی داعش.
هاوكارییە دارایی و لۆجیستییەكانی ئەمەریكا، كە بەپێی خشتەیەكی كاتیی دیاریكراو، ڕێكخراون، دوا كاتی كۆتاییهاتنی ئەم لێكتێگەیشتنە، مانگی نۆی ساڵی 2026ە. چاوەڕوانیش دەكرێت لە ماوەی ئایندەدا، گفتوگۆكردن بۆ واژووكردنی لێكتێگەیشتنێكی نوێ لە نێوان هەردوولادا بێتە ئاراوە.
وەزارەتی پێشمەرگە