نێچیرڤان بارزانی ئەمڕۆ لەبارەی دۆسیەی نەوت و غاز و مووچە و بودجە و ناوچە كێشە لەسەرەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، لەگەڵ بەرپرسانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆ دەبێتەوە.
بەپێی زانیارییەكان، ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات و بڕیارە لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆ ببێتەوە، لەسەر دۆسیەكانی نەوت و غاز و مووچەی فەرمانبەران و كێشە دارایی و كارگێڕییەكان، ڕێككەوتنێكی گشتگیر لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان ئەنجام بدات.
بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت لە كابینەی نوێی حكوومەتی عێراقدا، كێشەیەكی ئەوتۆ لە نێوان هەرێم و بەغدا نەبێت و مامەڵەی نێوان هەرێم و بەغدا لە چوارچێوەی ڕێككەوتنێكی گشتگیر بێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێكی سەرۆكایەتیی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە سەردانێكی دوو ڕۆژە بەرەو بەغدا بەڕێ دەكەوێت.
ڕاگەیەنراوەكەی سەرۆكایەتیی هەرێم ئاماژەی بەوە كردووە، لە میانی سەردانەكەیدا، بارزانی زنجیرەیەك كۆبوونەوە لەگەڵ سەركردە و بەرپرسانی باڵای عێراق ئەنجام دەدات.
دووپاتیش كراوەتەوە كە ئامانجی سەردان و كۆبوونەوەكان، پرۆسەی سیاسی، پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق و پێوەندییەكانی هەولێر و بەغدا و چەندان پرسی تریش تاوتوێ دەكرێن.