مەزڵووم عەبدی هۆكاری پلانی لەناوبردنی رۆژئاوای كوردستان ئاشكرا دەكات

:: PM:02:07:04/05/2026 ‌
مەزڵووم عەبدی لە چاوپێكەوتنێكی نوێدا رای گەیاند، هۆكاری ئەو پلانەی دژی رۆژئاوای كوردستان جێبەجێ كرا، بەستنی كۆنفرانسەكەی حەسەكە بوو، دەڵێت كۆنفرانسەكە پێویست نەبوو.
  
مەزڵووم عەبدی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ پۆدكاستی "بە كاتی دیمەشق"دا كە بڕیارە بەمنزیكانە لەسەر پلاتفۆرمی "مازێر" پەخش بكرێت، ئاماژەی بەوە كردووە ئەوەی لە پێشتر رووی دا زۆر شتی تێدایە كە ئێستە تەماشایی دەكەیت خراپ بوون.

لەبارەی  كۆنفرانسەكەی حەسەكە كە بە بەشداریی كەسایەتییە دروزییەكانی وەك شێخ غەزال غەزال و شێخ حیكمەت هیجری بەڕێوەچوو، بەتایبەتی دوای پێوەندییە تەلەفۆنییەكەی نێوان عەبدی و شەرع، فەرماندەی هێزەكانی هەسەدە گوتی: دەبوو كە ئەم كۆنفرانسە نەكرایە، بەڵام ڕووی دا، بەڕای من شتێكی لەم جۆرە پێویست نەبوو.
كۆنفرانسەكەی حەسەكە لە هەشتی ئابی 2025 بەرێوەچوو بەشێكی زۆری ئەوانی دژی حكوومەتەكەی شەرع بوون بەشدار بوون. 
 
درووشمی كۆنفرانسەكە "پێكەوە لەپێناو فرەڕەنگییەك كە یەكێتیمان بەهێز دەكات، داهاتووی خۆمان دروست دەكەین" بوو. لە كۆنفرانسەكەدا هۆزەكانی عەرەبیش بەشدار بوون و بەڵێنی هاوكاری هەسەدە و  خۆبەڕێوەبەری كوردیان لە ناوچەكە كرد، بەڵام دواتر بەڵێنەكەیان شكاند.

هەر بەپێی راگەیەنراوی كۆنفرانسەكە، "مۆدێلی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر مۆدێلێكی هاوبەشییە، دەكرێت پەرەی پێ بدرێت و بەهێز بكرێت بۆ بەڕێوەبردنی كۆمەڵگەیەكی دیموكراسی و زیندوو، بەڵام ئەنجامەكەی بووە كۆتاهاتنی ئەو مۆدێلە و هێرشی چڕ كرایە سەر رۆژاوای كوردستان و خەریك بوو بەتەواوی ئەزموونەكە لەباربرێت، هاوكات ئێستە لە پێگەیەكی لاوازە و گفتوگۆ لەگەڵ سووریا دەكرێت و هەر رۆژێك مەرجێكی نوێیان بەسەردا دەسەپێنن، دوا فشاریش لەسەر رۆژئاوای كوردستان هەڵوەشاندنەوەی حزبە كوردییەكانی رۆژئاوایە.
 
لە كۆنفرانسەكەدا دەستووری كاتیی سووریا رەت كراوەتەوە و ئاماژە بەوە كراوە، ئەو دەستوورە "داواكارییەكانی گەلی سووریا بۆ ئازادی و شكۆی مرۆڤایەتی لەخۆ ناگرێ و دەبێت پێداچوونەوەی بۆ بكرێت."
 
بەشدارانی كۆنفرانسەكە داوایان كرد، پێداچوونەوە بە دابەشكارییە كارگێڕییەكانی ئێستە بكرێت، بە جۆرێك لەگەڵ دیمۆگرافی و گەشەپێدانی سووریادا بگونجێت.

كۆنفرانسی حەسەكە كە چەندان لایەنی كۆك و ناكۆكی كۆ كردەوە، ئامانجەكەش داهاتوی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی سووریا بوو، بەڵام توركیا و حكوومەتی كاتی سووریای تووڕە كرد.

كۆنفرانسێكی گرنگ و ترسناك بوو، چونكە ڕێك پاش سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی توركیا (هاكان فیدان) بوو بۆ دیمەشق كە پێشینەی سەردانەكەش ئاشكرا نەكرابوو، سەردانەكەش زۆر تایبەت و جیاواز بوو بەتایبەتی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع كە ئامانج لێی ئاگادار كردنەوەیەكی ڕوون بوو.

ئەوەی گرنگە، كام لایەن ئەو كۆنفرانسەی ڕێكخست؟ ئاشكرایە كە هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە-قسد) ئەو كۆنفرانسەی ڕێكخست، پاشان ئایا دەكرێ بەبێ ئەمەریكا ئەو كارە بكرێ، كە توانای بەرگەگرتنی ئەنجامەكەیان نەبوو؟ 

توركیا پاش كۆنفرانسی حەسەكە، هەست بە ترس لەسەر بەرژەوەندییەكانی لە سووریا دەكات، بەتایبەتی كە دەبینی ئەمەریكا و فڕەنسا زۆر بە زەقی پشتیوانیی ڕۆژئاوا دەكەن.

توركیا ترسی لە دابەشبوونی سووریا هەبوو، مەترسیی گەڕانەوەی ئێرانیشی هەبوو، بەڵام هەموو ئەوەی هەڵگێڕایەوە لە پلانێكی ورددا دەوری هەسەدە و كوردی لە سووریا بەتەواوی بچووك كردەوە و لەگەڵ دروزەكان نەیتوانی چونكە ئیسرائیل رێگریی كرد.



وشە - سۆران عەزیز