بافڵ و قوباد دەبێت بچنە دادگا

:: PM:02:24:04/05/2026 ‌
دوای گواستنەوەی دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی و هاوەڵەكانی لە دادگای ئاسایشەوە بۆ دادگای تاوانەكانی سلێمانی/2، رۆژی پێنجشەم یەكەم دادبینی بۆ دۆسیەكە بەڕێوە دەچێت.

ئەمڕۆ دووشەم سێی ئایار، یەكێك لە پارێزەرانی دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی تایبەت بە "وشە"ـی راگەیاند، بەگوێرەی مادەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی، دژی تۆمەتباران كراوەتەوە و پێنجشەم دادگاییكردنە.

زیاتر گوتی، لەم دۆسیەیەدا 12 كەس بانگهێشتی دادگا دەكرێن، لە ناویاندا لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی، هەروەها سكاڵاكارانی دۆسیەكە بریتین لە بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی، بەگوێرەی رێكارە یاساییەكان، دەبێت رۆژی پێنجشەم خۆیان یان پارێزەرەكانیان لە دادگا ئامادەبن.

باسی لەوەش كرد، بەوپێیەی دانیشتنەكەی پێنجشەم یەكەم دادبینی دۆسیەكەیە، دادوەر ناسنامەی تۆمەتباركراوان جێگیر دەكات وەك (ناو، پیشە و شوێنی نیشتەجێبوون).

روونی كردەوە، لەبارەی ئەو دۆسیەیەی تر كە بەگوێرەی مادەی 406 لاهوور شێخ جەنگی و گیراوانی تری لالەزار تێیدا تۆمەتبار كراون، ئەو دۆسیەیەش رەوانەی دادگای تاوانەكانی سلێمانی/2 كراوە، بەڵام تا ئێستە وردبینی تێدا نەكراوە و وادەی دادگاییكردنی بۆ دیاری نەكراوە.



وشە - رامیار جەواد