نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆ بووەوە

:: PM:11:04:04/05/2026 ‌
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم چواری ئایاری 2026، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە درێژەی دیدارەکانیدا لە بەغدا، لەگەڵ هەیبەت حەلبووسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆ بووەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە کە دەست "وشە" کەوتووە، لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسی و یاسایی وڵات و ڕۆڵی دامەزراوەی یاسادانان لە پشتگیریکردنی سەقامگیری تاوتوێ کران. هەردوولا دووپاتیان لە گرنگیی لێکتێگەیشتنی نێوان هێزە سیاسییەکان و هاوئاهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا کردەوە بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی گشتیی وڵات بکات.

هەروەها هەردوولا هاوڕا بوون کە پێویستە قۆناغی داهاتوو لەسەر بنەمای هاوبەشیی ڕاستەقینە بێت و کارکردن بۆ پەسەندکردنی ئەو یاسایانەی ڕەهەندی نیشتمانییان هەیە و مافە دەستوورییەکانی هەموو پێکهاتەکان دەپارێزن، لە پێشینەی کارەکانی پەرلەمان و حكوومەتدا بێت. هاوکات دووپات لە پێویستیی یەکخستنی دیدگاکان کرایەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەسەر بنەمای دەستوور و پاراستنی مافی هاووڵاتییان.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، دۆخی ناوچەکە و لێکەوتەکانی تاوتوێ کرا. تێیدا دووپات لە پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق و تێوەنەگلانی لە ئاڵۆزییەکان کرایەوە.


وشە - پۆڵا مەحموود