نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ پەرلەمانتارانی مەسیحی كۆبووەوە

:: AM:10:42:05/05/2026 ‌
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، لەگەڵ پەرلەمانتارانی مەسیحی كۆ دەبێتەوە و رای دەگەیەنێت، مەسیحییەكان پێكهاتەیەكی ڕەسەنی عێراق و هەرێمی كوردستانن.

ئەمڕۆ سێشەم پێنجی ئایار، لە دەستپێكی دیدارەكانی دووەم ڕۆژی سەردانەكەیدا بۆ بەغدا، بەیانیی ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ پەرلەمانتارانی پێكهاتەی مەسیحی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی مەسیحییەكان و نوێنەرایەتیی سیاسیی پێكهاتەكان تاوتوێ كرا، نێچیرڤان بارزانی دووپاتی لەوە كردەوە كە مەسیحییەكان پێكهاتەیەكی ڕەسەنی عێراق و هەرێمی كوردستانن و ڕۆڵی مێژوویی و شارستانییان بەرز نرخێنرا.

هەروەها دووپاتی كردەوە كە پێویستە لە كابینەی داهاتووی حكوومەتی فیدراڵیی عێراقدا، بە پۆستی وەزاری بەشدار بن و كار بۆ برەودان بە كولتووری پێكەوەژیان، لێبوردەیی و یەكتر قبووڵكردن بكرێت، وەك بنەمایەكی سەرەكیی سەقامگیری لە وڵاتدا.

هەردوولا هاوڕا بوون كە دەبێت هەوڵەكان بۆ چەسپاندنی هاوبەشی و یەكسانی بەردەوام بن، بە شێوەیەك كە هەموو پێكهاتەكان بگەنە ماف و شایستە دەستوورییەكانیان. لەمبارەیەوە سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، پشتیوانیی تەواوی هەرێمی كوردستانی بۆ پاراستنی مافەكانی مەسیحییەكان و دابینكردنی ژیانێكی شایستە بۆیان دووپات كردەوە.

لای خۆیانەوە پەرلەمانتارانی مەسیحی، پێزانینیان بۆ هەڵوێستە بەردەوامەكانی نێچیرڤان بارزانی دەربڕی لە داكۆكیكردن لە مافی پێكهاتەكان و پاراستنی فرەیی و تەبایی لە هەرێمی كوردستان و عێراق.



وشە - رامیار جەواد