پەكەكە لە ساڵوەگەڕی دانانی چەك و راگەیاندنی پرۆسەی ئاشتی، ناوی خۆی گۆڕی بۆ "بەڕێوەبەرایی بزووتنەوەی ئاپۆیی".
ئەمڕۆ سێشەم پێنجی ئایار، پارتی كرێكارانی كوردستان ناسراو بە "پەكەكە"، بە بۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر كۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوە، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی بۆ سۆزدار ئاڤێستا ئەندامی كۆنسەی سەرۆكایەتی كەجەكە و مستەفا قەرەسوو ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەریی كەجەكە ئەنجام دا.
لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا، سەركردایەتیی پەكەكە بزووتنەوەیەكی نوێی بەناوی "بەڕێوەبەرایی بزووتنەوەی ئاپۆیی" راگەیاند.
بزووتنەوەكە هەڵسەنگاندنی بۆ تێپەڕینی ساڵێكی بەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە و كۆتاهێنان بە خەباتی چەكداری كرد و رای گەیاند، ئەوان بە تەواوی پابەندی بانگەوازە مێژووییەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراویان بوون، بۆ دەستپێكردنی قۆناغی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراسی.
سەركردایەتیی بزووتنەوەكە دووپاتی كردەوە، هەنگاوی گەورەیان وەك كشانەوەی هێزەكان لە ناوخۆی توركیا، سووتاندنی چەكەكان و ئازادكردنی دیلەكانی دەزگای هەواڵگریی "میت" ناوە، بەڵام بەرپرسانی ئەنكەرە تا ئێستە هیچ هەنگاوێكی كردەییان بۆ جێبەجێكردنی پێشنیارەكانی پەرلەمان و ڕەخساندنی زەوینەی یاسایی نەناوە.
دەشڵێن، بۆ سەركەوتنی ئەم وەرچەرخانە سیاسییە، پێویستە حكوومەتی توركیا، ئۆجەلان وەك سەرۆكی دانوستانكار و لایەنی فەرمی بناسێت، پێگەیەكی یاسایی و بارودۆخێكی ئازادی بۆ بڕەخسێنێت، چونكە بەبێ دیاریكردنی دۆخی كاركردنی رێبەرایەتی و دەركردنی یاسای پێویست بۆ دیموكراسی؛ پرۆسەكە ناگاتە ئەنجامی كۆتایی و تەنهیا بە دیدارە ناوبەناوەكان كێشەی 100 ساڵەی كورد چارەسەر نابێت.