حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پاراستنی ئاسایشی ئاو، چەندان بەنداو و پۆندی دروست كردووە، ئەمساڵ توانراوە 4.8 ملیار مەتر سێجا ئاو گل بدرێتەوە، بڕیاریشە 18 بەنداوی تر دروست بكرێن.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاوی كردەوە، لە هەرێمی كوردستاندا 25 بەنداو و 178 پۆند هەن كە هەشت بەنداو و 23 پۆند لە كابینەی نۆ دروست كراون، لە بارانبارینی ئەمساڵ توانراوە 4.8 ملیار مەتر سێجا ئاو گل بدرێتەوە، بڕیاریشە 18 بەنداوی تر دروست بكرێن.
لە كابینەی نۆ لە ساڵی 2019ـەوە تا ئێستە، نۆ بەنداو و 23 پۆند دروست كراون كە تێكڕا توانای گلدانەوەی ئاویان بۆ 8.4 ملیار مەتر سێجا زیاد كردووە، توانای بەرهەمهێنانی كارەبایان لە بەنداوەكاندا گەیاندووەتە 175 مێگاوات.
ئەو بەنداوانە پاڵپشتییەكی بەهێزن بۆ كەرتی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری، هەروەها كاریگەریی لەسەر بووژانەوەی كەرتی گەشتیاری، زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی و پاراستنی ژینگەیان هەیە.
ڕۆژانە زیاتر لە 2.5 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی پاك بۆ هاووڵاتییان دابین دەكرێت، چەندان پڕۆژەی گرنگیش جێبەجێ كراون، لەوانەش پڕۆژەی "فریاگوزاریی هەولێر" كە كێشەی كەمئاوی بۆ 30 ساڵی داهاتوو لە شاری هەولێر چارەسەر كرد.
سەرەڕای تێچووی ساڵانەی 500 ملیار دینار، حكوومەت ساڵانە 440 ملیار دینار پاڵپشتی دابینكردنی ئاو دەكات، بەمەش ڕۆژانە 350 لیتر ئاوی پاك بۆ هەر تاكێك لە هەرێمی كوردستان دابین دەكرێت كە زیاترە لە پێداویستی هەر تاكێك.
لە ساڵانی ڕابردوودا وشكەساڵی و دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی، دوو هەڕەشەی زۆر مەترسیدار بوون لەسەر هەرێمی كوردستان، بۆیە كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پاراستنی ئاسایشی ئاوی كردە یەكێك لە هەنگاوە لە پێشینەكان و لە ڕێگەی دانانی پلان و هاندانی كۆمپانیاكان، كاری زۆری بۆ پاراستنی ئاسایشی ئاو كرد، ئەویش بە دروستكردنی پۆند و بەنداوی بچووك و مامناوەند.
لە هەرێمی كوردستاندا 36 بەنداو هەن، 25ـیان تەواو كراون و 11 بەنداوی تریش لە قۆناغی جێبەجێكردندان، هەروەها 178 پۆند لە هەرێمی كوردستاندا هەن.
لە كابینەی نۆدا نۆ بەنداو دروست كراون، بە تێكڕا دەتوانن زیاتر لە 252 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گل بدەنەوە، بڕیارە ئەمساڵیش كاركردن لە دروستكردنی 18 بەنداوی تر دەست پێ بكات كە شەش بەنداویان ستراتیجین، هەروەها 23 پۆند دروست كراون و 58 پۆندیش لە قۆناغی جێبەجێكردندان.