ژمارەیەك لە كوردانی بەریتانیا، هەڵدەستن بە بڵاوكردنەوەی بانگەشەیەك بۆ كۆكردنەوەی پارە بۆ دروستكردنی مزگەوتێك، بەڵام مزگەوتەكە دروست نەكراوە و پارەكەش نادیارە، ئەوەشی باسی بكات لێی دەدرێت.
ئەمڕۆ سێشەم پێنجی ئایار، بەپێی لێدوانی یەكێك لە كوردانی بەریتانیا لە شاری بێرمینگهام بۆ "وشە"، ساڵێك پێش ئێستە لەلایەن چەند كوردێك، بانگەشەی ئەوە بڵاو كرایەوە كە مەیخانەیەك هەیە دەیكڕنەوە و دەیكەن بە مزگەوت، بۆیە دەست كرا بە كۆكردنەوەی پارە.
زیاتر گوتی، هەرچەندە ئێمە لە سەرەتاوە گومانمان لە پرۆسەكە هەبووە، بەڵام بەهۆی شەپۆلی دیندارییەكە، هیچ قسەیەكمان نەكردووە و چاوەڕوان بووین پرۆسەكە بە شەفافی بەڕێوە بچێت.
باسی لەوەش كرد، لە هەفتەی رابردوودا دەركەوت ئەو پارەیە چارەنووسی نادیارە ئەو كەسەشی باسی بكات، لەلایەن ئەو گرووپەی پارەكەیان بردووە، هێرشیان دەكرێتە سەر، كەسێكیش لەوبارەیەوە بریندار بووە.
روونی كردەوە، ئێستە نە مزگەوتەكە دروست كراوە و نە پارەكەش چارەنووسی دیارە، شوێنەكەش وەك خۆی ئێستە مەیخانەیەكە و چەندان كەس كاری تێدا دەكەن.
ئاماژەی بەوەش كرد، ئەو گرووپە ئێستە خۆیان كڕ كردووە و هەمووشیان كوردن، بە مەلا و كەسانی ناسراو لەو شارە ناسراون، بۆیە هیوادارین چیتر گەنجان پارە بەو كەسانە نەدەن.
بەپێی بەدواداچوونی "وشە" كە كەسەكە بە "ك، پ" ناسراوە، لە چەندان بەرنامەی تەلەڤزیۆنی بانگەشەی كڕینەوەی ئەو شوێنەی كردووە، بەڵام دەركەوتووە ئەو شوێنە نەفرۆشراوە و خاوەنەكەشی بەنیازی فرۆشتن نەبووە.